رانیه‌ له‌چه‌مكی گونده‌وه‌ بۆ چه‌مكی شار ... هه‌ندرێن شێخ رِاغب_رانیه‌

 

بۆ یه‌كه‌م جار له‌كوردستان شارێكی كوردی ته‌واوی چه‌مكه‌كانی خێڵ و خوێنی وه‌ لانا و . وه‌كو شارێكی زۆر مه‌ده‌نی و دیموكراسی و ئه‌وپه‌رِی شارستانی مامه‌ڵه‌ی دیموكراسی و پراكتیزه‌ی دیموكراسی كرد ئه‌ویش شاری رانیه‌ بوو. له‌به‌رواری 21/6/2005جه‌ماوه‌ری شاری رانیه‌ وه‌كو هاوڵاتی نه‌وه‌كو كورِی فڵان عه‌شیره‌ت و خێڵ و بنه‌ماڵه‌ و ئه‌ندامی فڵان حیزب و فڵان لایه‌ن به‌كۆی ده‌نگ له‌سه‌ر شار و هاوشاری یه‌كتری زۆر دیموكراسیانه‌ و زۆر شارستانیانه‌ و زۆر سه‌رده‌میانه‌ سه‌رجه‌م دووكانه‌كانیان داخست و مانیانگرت و بێ ده‌نگیان شكاند. سه‌لماندیان خه‌ڵكی شاری رانیه‌ مێگه‌ل نیه‌ و هه‌ر گوێگر و وه‌رگر نیه‌ و چیتر به‌تووزه‌له‌ی كه‌س و ئایدۆلۆژیای تر هه‌ڵناپه‌رِێت. به‌ڵكو ده‌یه‌وێت وه‌ك شار و وه‌كو چه‌مكی هاوڵاتی بوونی شاری شوناسی خۆی دیاری بكات. كه‌ بێگومان ئه‌و شوناسه‌شی وه‌رگرت. ئێستا رانیه‌ شاری دیموكراسی و مه‌ده‌نی و ده‌نگ و رِه‌نگی ئاوه‌دانی یه‌. شارێكه‌ ده‌بێت وه‌كو یه‌كێك له‌مه‌ڵبه‌نده‌گه‌وره‌كانی به‌دیموكراسی بوونی كوردستان چاوی لێ بكرێت. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌راپه‌رینی 21/6/2005كه‌م بكه‌نه‌وه‌ بێگومان خۆیان كه‌م شت ده‌بینن و ناتوانن له‌قاوغی كلاسیكیه‌تی ئایدۆلۆژی و دنیا بینی ته‌سك بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. كه‌ سه‌ره‌نجام مێژوو دێت و واقعێكی تر فه‌رز ده‌كات و رِایانده‌ماڵێت. بۆیه‌كه‌م جاره‌ شارێكی كوردستان ئاوا رِاپه‌رینی دیموكراسی نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی رِۆژهه‌ڵات و دراوسێكانیش شتی وابكات و ده‌نگ هه‌ڵبرِێت و به‌ئاشكرا و له‌به‌رده‌م رای گشتی دا ده‌سه‌ڵات دادگایی بكات. كه‌ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای نه‌ریتێكی گه‌وره‌ی وه‌رچه‌رخانی دیموكراسیه‌ له‌كوردستان و دواتر ناوچه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ریش. ئه‌وه‌ی پێی وایه‌ ئه‌و مانگرتنه‌ی رِانیه‌ (كه‌من ناوی ده‌نێم راپه‌رین) ته‌نها له‌یه‌ك قاوغ دایه‌ ئه‌وه‌ یان دنیا نابینێت و كوێره‌ یاخود ده‌یه‌وێت خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكات. ئه‌گه‌ر نا رِاپه‌رینی 21/6/2005له‌دایك بوونی رِای گشتی بوو له‌وكوردستان. رای گشتی له‌گووتاری سه‌رته‌له‌فزیۆن و رِۆژنامه‌ و تیۆره‌وه‌. رِاپه‌رِینی رانیه‌ كردی به‌كرده‌وه‌ و چه‌سپاندی. بۆیه‌ لانكه‌ی له‌دایك بونی رای گشتی له‌كوردستان رِاپه‌رینه‌كه‌ی 21/6/2005ی شاری رِانیه‌ بوو. ئه‌وه‌تا له‌ رۆژی راپه‌رینه‌كه‌ خه‌ڵكی ئاكۆیه‌تی و جافه‌تی و خۆشناوه‌تی و باڵه‌ك و بیتوێن و پشده‌ر و ره‌واندوز و رانیه‌یی و قه‌ڵادزێ و . . . . . . . . هتد. بۆیه‌كه‌م جار نه‌ماون. هه‌موو خه‌ڵك وه‌كو هاوشار و هاوڵاتی مامه‌ڵه‌یان كرد. كه‌ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخانی ژیانی به‌دیموكراسی بوون و به‌مه‌ده‌نی بوون و شارستانیه‌ته‌. بۆیه‌ سڵاو له‌رانیه‌لانكه‌ی له‌دایك بوونی رِای گشتی. سڵاو له‌رانیه‌ هه‌وێنی دروست بوونی چه‌مكی هاوڵاتی له‌كوردستان.