بۆئه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ردی ئه‌وی تر نه‌چی ...  محه‌مه‌د حاجی كه‌ریم

 

 ئاخۆ له‌قۆناغێكدا كه‌ به‌شێك له‌مافه‌كانی كورد به‌دیهاتوون. یان به‌واتاییه‌كیدیكه‌ له‌ قۆناغی ئازادیی دوای ڕاپه‌ڕین. هێزێك نامینی میلله‌ت چاودێری بكات. . یان له‌كاتی پێویست ڕووبه‌ڕووی لیپرسینه‌وه‌ی بكاته‌وه‌. . له‌گه‌ڵ (جیاوازی قۆناغ و ڕه‌وتی دژو هێزی به‌رامبه‌ر) .

 هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ خاوه‌ن كه‌مترین ئازادی و زمانی لێك تێگه‌یشتن بی. پێویستی به‌هێزی گوشار و ده‌نگی ناڕه‌زایی و ڕای سه‌ر شه‌قام هه‌یه‌. میلله‌تی ته‌ندروست ئه‌و میلله‌ته‌یه‌ له‌ پرسیار نه‌كه‌وی. به‌ڕاشكاوی و بی پێچووپه‌نا بدوی.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئاخۆ كورد له‌ كویی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌. چه‌ند خاوه‌ن زمانی پرسیار و به‌دواداچوونه‌. ؟. پرسیار له‌ به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گرتنی خواستی گشتی. پرسیار له‌به‌رامبه‌ر كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و خراپی سیسته‌می (په‌روه‌رده‌. ته‌ندروستی. هاتووچۆ) و مۆنۆپۆڵكردنی بازاڕ وپه‌یڕوكردنی ناعه‌داله‌تیو جیاوازی له‌نێوتاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا. ڕاسته‌ جار جار خه‌ڵكی كوردستان له‌هه‌مبه‌ر پرسێكی سیاسی چاره‌نوسسازدا یه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌نوێنی. . یان شه‌قام هاوكار ده‌بی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی. به‌ڵام وه‌ده‌نگ هاتن و هه‌ڵوێست نواندن له‌ سه‌ر ته‌واوی كایه‌ و بواره‌كانی دیكه‌ی ژیانی خه‌ڵكی. ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌. هه‌ر چه‌ند ناوه‌ ناوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی بچووكیش بن ئاماژه‌یه‌كی جوان به‌ئاراسته‌ی پرسیار و هه‌وڵدان بۆ دروست كردنی هێزی گوشار ئاماده‌یی هه‌یه‌. بۆَ نموونه‌ مانگرتن و ناڕه‌زایی یه‌ك دوو مانگی ڕابردووی ماموستایان. قوتابیانی زانكۆی سلێمانی و چه‌ند كۆلیژێكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین. ماموستایانی كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و كارمه‌ندانی بواری ته‌ندروستی. . هتد. به‌دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست و پۆزه‌تیڤ لێكده‌درێته‌وه‌. . ئه‌گه‌ر چی دواجار ئه‌م بزاوته‌ له‌ قاوغێكی به‌ر ته‌سك ماوه‌ته‌وه‌و نه‌بۆته‌ نه‌ریت.

ده‌بی ئه‌وه‌ش بگوتری چه‌ند ئه‌ركی دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌. هێنده‌ش ئه‌ركی سیسته‌ی سیاسییه‌. كار بۆدروست كردنی زه‌مینه‌ی ڕاده‌ربڕین و دروستكردنی ڕای گشتی و لێپێچینه‌وه‌ له‌ پێشێلكاریه‌كان بكات. به‌تایبه‌ت دامه‌زراوێكی وه‌ك په‌رله‌مان. كه‌ هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكه‌ و ده‌بی به‌زمانی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بدوی و هه‌ڵوێست وه‌ربگری. نه‌ك وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانه‌ ته‌قلیدییه‌ی كوردستان. كه‌له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی سێزده‌ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا جگه‌ له‌ هاوده‌نگ بوونی ئه‌ندامانی و جوانكردنی ڕوخساری ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كان. به‌ باش و خراپه‌كانیه‌وه‌ كه‌مترین هه‌ڵوێستی نه‌نواند.

ئاخۆ له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌ماندا كام په‌رله‌مانتار قسه‌ی له‌بچوكترین خه‌وش و كه‌م وكوڕی حزبه‌كان. هه‌ڵه‌ی وه‌زیر. یان به‌رپرسێكی باڵا و به‌فیرۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات و ناعه‌داله‌تی مووچه‌. كه‌ هی كاربه‌ده‌ستان له‌ لوتكه‌ دایه‌ و هی فه‌رمانبه‌رانیش له‌خوار سفر كردووه‌.

په‌رله‌مانتاری ڕاسته‌قینه‌ ده‌بی له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت كار بكات. چونكه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكه‌. . نه‌وه‌ك به‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كی گه‌وره‌ و مۆنیكا و مووچه‌یه‌كی خه‌یاڵی خۆی له‌بیربكا و ئه‌ركه‌ مێژووییه‌كانی بخاته‌ پشتگوی. . ئاخر په‌رله‌مانێك له‌سه‌رده‌می جیهانگه‌رایی و ئازادییه‌ سیاسیه‌كاندا كه‌مترین پرسیاری نه‌بی. چی بۆده‌مێنێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌م هه‌موو ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا به‌قه‌د مه‌جلس نه‌وابی عێراقی ساڵانی بیست. كه‌ تابڵێیت ئه‌نجوومه‌نێكی ته‌مبه‌ڵ و پڕ نه‌خوێنده‌وار و خه‌ڵكی شۆڤینی بوو. پرسیاری دروست نه‌كرد.

له‌وی چه‌ندین جار ناعه‌داله‌تی و جیاوازی مووچه‌ی كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رن و به‌فیڕۆدانی داهاتی وڵات. گفت و گۆی توندی هێنایه‌ كایه‌وه‌. كه‌چی په‌رله‌مانه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان دوای ئه‌م هه‌موو سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ كورد كراوه‌. كه‌مترین پرسیاری نه‌وروژاند. . هیوادارین ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانیش به‌ده‌ردی ئه‌وی تر نه‌چێت!

ناكری ئه‌م بێده‌نگییه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌ یاسایی و مه‌ده‌نییه‌كان. چ له‌سه‌ر ئاستی تاك به‌ نه‌بوونی كه‌م و كوڕی له‌ وڵات و نه‌بوونی (ڕا) پێناسه‌ بكه‌ین. . به‌ڵام ده‌كری بڵێین زۆرێك له‌ ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژیان وای لێكردوین. جورئه‌تی ده‌ربڕین و قسه‌كردن ون بكه‌ین. . كه‌ پێم وایه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاینده‌ی وڵات و خودی ده‌سه‌ڵاتدا نیه‌. چونكه‌ ڕێگا خۆشكردنه‌ به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت.

حه‌قی خۆیه‌تی خه‌ڵكی كار بۆ ژیانێكی باشتر بكات. پرسیاری جدی بوروژێنی. هه‌وڵی فراوانكردنی سنووره‌كانی ڕا ده‌ربڕین بدات.

 بێگومان درێژكردنه‌وه‌ی ته‌قلیدی بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی. كوشتنی ئاینده‌یه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆقۆناغی سته‌مكاریی. . به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌رچوونه‌ له‌بازنه‌ی پاشگه‌ردانی سیاسیی و رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌كورتی وه‌ده‌نگ هاتن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن. چ به‌ خۆپیشاندان و چ به‌ ناڕه‌زایی جۆراو جۆر. گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆمانای ڕاسته‌قینه‌ی بوون و گه‌یشتن به‌خواست و داخوازییه‌ ئینسانیه‌كان.