سڵاو له‌ رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین و مانگرتن ... جمال غریب حمه‌

 

رانیه‌ ئه‌و شارۆچکه‌ جوان و شۆڕشگێڕه‌یه‌ که‌ پێناسه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینی پێبڕاوه‌. هه‌ر ئه‌و راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ی به‌هاری 1991 بوو که‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری کوردستانی باشور ئازاد بکرێت له‌ده‌ست دڕنده‌ترین رژێمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ ئه‌و رژێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مووه‌ زوڵم و زۆره‌ی نه‌یتوانیبوو وا له‌ خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ بکات که‌ چاو ترسێن ببن. هه‌ر چه‌نده‌ پێشتریش ئه‌و شاره‌ چه‌ند جارێک که‌وتبووه‌ به‌ر ده‌ستدرێژی و په‌لامار و بوردمانی رژێم وه‌ک ئه‌وه‌ی 1974 به‌ڵام خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ زۆر چاو نه‌ترس و ئازایانه‌ توانیان ئاگری بڵێسه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ هه‌ڵگرسێنن. خه‌ڵکی ئه‌و شار و ده‌ڤه‌ره‌ نه‌ک ته‌نها له‌ به‌رانبه‌ر دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌له‌که‌مان بێده‌نگ نه‌بوون و نابن به‌ڵکوو هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت سته‌م و زوڵمیان لی بکات له‌ به‌رانبه‌ریدا بێده‌نگ نابن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵیش بێت و له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ناوچه‌که‌شه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابێت وه‌ک چۆن بینیمان له‌ به‌رواری 20/6 ئه‌م مانگه‌دا خه‌ڵکی خۆڕاگر و چاونه‌ترسی ئه‌و شاره‌ توانیان مانگرتنێکی سه‌رتاسه‌ری ئه‌نجام بده‌ن و هه‌موو دوکان و بازاری ئه‌و شاره‌ دابخه‌ن له‌ به‌انبه‌ر که‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی باڵا و فه‌سادی ئیداری له‌و شاره‌دا. و دواکه‌وتنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان.

دیاره‌ ئه‌مه‌ش سه‌ربه‌رزی وسه‌روه‌ریه‌کی تره‌ بۆ خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ هه‌ر وه‌ک چۆن پێناسه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینیان به‌سه‌ر دا براوه‌. ئه‌مجاره‌ش بۆیه‌که‌م جار توانیان به‌ به‌رپرسانی خۆماڵیش بڵێن راوه‌ستن و چاوێک به‌ کاره‌ ناته‌واوه‌کانتاندا بخشێنه‌وه‌. و به‌ زمانی حاڵیش به‌ خه‌ڵکی شاره‌کانی تری کوردستانیش ده‌ڵێن که‌ ئێوه‌ش راپه‌ڕن و هه‌ڵوێست بنوێنن. چاوپۆشی له‌ که‌م و کوڕی و ناته‌واویه‌کان مه‌که‌ن و هه‌ڵوێست وه‌رگرن له‌ ئاستی فه‌سادی ئیداری و که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی حکومه‌ت.