گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه‌شۆڕشگێڕه‌كانی خودا یان دوا مانۆری به‌ر له‌سه‌ره‌مه‌رگی ئیبلیسه‌كان؟ ... سمكۆ مه‌لا

 

 پێنج هه‌زار ساڵ له‌مێژوو و شارستانیه‌تی وڵات و گه‌لانی ئێران به‌ئاقارێك گه‌یشتوون كه. له‌سایه‌ی ڕژێمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامیدا. هاووڵاتیان هیچ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌شك نابه‌ن هه‌ڵبژاردنی یه‌ك له‌تیرۆریسته‌كان نه‌بێت بۆ بڵندترین پۆستی ده‌وڵه‌ت كه‌سه‌ركۆماره. ئه‌م ئیفلاسه‌سیاسیه‌ی ڕژێمی شه‌ریعه‌تی جه‌ورو سته‌م و مه‌لاكان شتێكی چاوه‌ڕون كراو و سروشتییه. ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشای واقیعی ئه‌مڕۆی ئێران بكه‌ین هه‌ست ده‌كه‌ین كه‌بوونی خوێنڕێژێكی تیرۆریستی وه‌ك محمود احمدی نجاد به‌سه‌ركۆمار خواستێكی ڕوونی ده‌زگاكانی بڕیار دانه- ئیتیلاعات و پاسدارانه- له‌كۆماری ئیسالامیدا كه‌زۆر به‌ترسه‌وه‌له‌چاوه‌ڕوانیی هه‌ڕ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا ن دژ به‌سیسته‌می كۆنه‌په‌رستی شه‌ریعه‌تیی. به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ڕژێمی كۆنه‌په‌رستی تالیبانی ئیسلامی له‌ئه‌فگانستان و ڕژیمی شۆڤێنی به‌عس له‌عێراق بۆ هه‌تا هه‌تایه‌تێكشكان و ئه‌مڕۆ گه‌لانی ئه‌و دوو وڵاته‌له‌بونادنانی بنه‌ماكانی سیسته‌می دیمۆكراسیدا به‌جیدی كار ده‌كه‌ن.

 سروشتی ڕژێمه‌تۆتالیتاره‌كان وایه‌كه‌هه‌رده‌م له‌سه‌ره‌مه‌رگدا هانا بۆ ڕێفۆرم وئه‌نجامدانی گۆڕانكاری ده‌به‌ن. و هه‌وڵی كه‌مێك دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ندێ ڕووخسار و هێنانه‌ڕووی هه‌ندێ ڕووخساری دیكه‌ده‌ده‌ن. تاكه‌ئامانجی سه‌ره‌كیش هه‌ر ته‌نها وه‌ده‌ست هێنانی زۆرترین كاته‌له‌پێناو مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییدا. ئیدی سه‌ری هیچ پسپۆڕو شاره‌زایه‌ك له‌مێژووی كۆماری ئیسلامی سورنامێنێت كه‌له‌پێناو به‌خشینی كه‌مێك سومعه‌ت به‌سیسته‌می بێ به‌های ئیسلامی. ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ونه‌خزمه‌تی مسۆگه‌ر كردنی ئه‌و ئامانجه‌و ستراتیژیه‌ته. واته‌كردنی محمد نجاد به‌سه‌ركۆمار.

ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ ڕژێمی ئیسلامی له‌ئێران توشی هاتووه‌ته‌نها ئه‌زمه‌ی مسۆگه‌ركردنی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دۆزینه‌وه‌ی كاندیدای شیاو نیه‌بۆ خزمه‌ت گه‌یاندن به‌شۆڕسی ئیسلامی. به‌ڵكو حه‌قیقه‌ته‌كه‌له‌وه‌دایه‌كه‌ڕژێمی تاران گه‌یشتووه‌ته‌ئه‌وپه‌ڕی ئاستی بێ توانایی له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی واقیعی ئه‌مڕۆی ئێراندا و هه‌ست به‌گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ده‌كات له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی. چونكه‌له‌لایه‌ك ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌سه‌ر ته‌واوی سنووره‌كانی ئێران بارگه‌یان هه‌ڵداوه‌و له‌چاوه‌ڕوانی سه‌عاتی سفردان. له‌لایه‌كی تر ئاستی بێزاری و نه‌فره‌تی خه‌ڵكی ئێران بۆ ڕژێمی ئیسلامی گه‌ێشتووه‌ته‌لوتكه. بێكاری و هه‌ژاری ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ په‌ره‌ده‌سێنن. هه‌رچێش تایبه‌ته‌به‌ئازادیه‌كانی تاك كه‌س. ئه‌وه‌26 ساڵه‌كه‌هاووڵاتی ئێرانی له‌دۆزه‌خی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیدا. له‌خه‌ویشدا تۆزقاڵێكیش هه‌ست به‌مانای ئازادی ناكات. ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستانی داگیركراودا له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی ئیتیلاعات و پاسدارانی ڕژێمی ئیسلامی شاهیدی نه‌فره‌ت و ڕقی خه‌ڵكن له‌و سیسته‌مه‌شووم و بۆگه‌نه.

 ئه‌زموونی هه‌شت ساڵی رابووردووی ده‌سه‌ڵاتداریی ڕێفۆرمخوازان له‌تاران و په‌له‌قاژه‌ی ده‌زگا باڵا ده‌سته‌كانی ڕژێمی ئیسلامی ئه‌وه‌ده‌سه‌لمێنن كه‌له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌ریعه‌ت و سیسته‌می ئیسلامیدا ئه‌نجامدانی رێفۆرمی ڕاسته‌قینه‌شتێكی مه‌حاڵ و بگره‌موسته‌حیلیشه. بۆیه‌هاتنی محمد نجاد بۆ سه‌ر حوكم جگه‌له‌واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆژه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رده‌می خومه‌ینی بۆ نێو هزر و بیره‌وه‌ری خه‌ڵكی ئێران. هیچی دیكه‌ناگه‌یه‌نێت.

به‌ڵام پێ ناچێ كه‌ئه‌م جاره‌یان هه‌روا به‌ئاسانی مێژوو ئه‌تك بكرێته‌وه‌و مه‌لاكان بتوانن جڵه‌وی ڕووداوه‌كان به‌ته‌نها له‌ده‌ستی خۆیاندا مۆنۆپۆل بكه‌ن.