تاوانبارانی ڕۆژانی مه‌ردی و جه‌ساره‌ت خه‌ڵات مه‌‌که‌ن.. !!! .. خاڵه‌ حه‌مه‌

 

ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ بوو تاك و ته‌را ئه‌ستێره‌ به ‌ئاسمانه‌وه‌ به‌دی ده‌كرا.. .. كزه‌بایه‌كی ساردی كه‌لله‌ته‌زێنی هه‌بوو،گڵۆپی سه‌رشه‌قامه‌كان داگیرسابوون و له‌سه‌رماندا هه‌ڵده‌له‌رزین،خه‌ڵكی به‌خێرایی به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ئه‌بوونه‌وه‌، شار بێده‌نگ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگی لێكرابێت شانی بۆ رووداوه‌کان دادابوو به‌ڵام هێنده‌ به‌توانابوو له‌ڕویاندا هه‌رگیز چۆکی دانه‌ئه‌داو خه‌مه‌کانی به‌شانازیه‌وه‌ ئه‌لاوانه‌وه‌، ئه‌م دیمه‌نه‌ سامناکه‌ له‌دیمه‌نی ئه‌و شارانه‌ ئه‌چوو که‌له‌داستانه‌ پڕ ترس و له‌رزه‌کانی گوێ ئاگردانی شه‌وانی زستانا خه‌وی له‌چاوانمان ئه‌خست و ده‌یان جار له‌خه‌وی شیریندا ڕایده‌چڵه‌کاندین.. ئه‌م دیمه‌نه‌ چه‌نده‌ ترسێنه‌ر بوو سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ش شادی هێنه‌ربوو مژده‌ی سبه‌ینێیه‌کی بێترس و خه‌ونی گه‌وره‌وبچوکی شارو دێ، دورو نزیکی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ی وه‌ک گوێزه‌بانه‌ ئه‌به‌خشیه‌وه‌.. .

به‌هه‌موو کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌کدا بڵاو بووبوونه‌وه‌ خه‌ڵکی بۆ پیرۆزی ده‌ستی به‌شان ملیانا ئه‌هێنا سه‌دان پرسیاری پڕله‌ئاواتیان ئاڕاسته‌ ئه‌کردن ته‌مه‌نی خۆیان به‌ده‌وری ته‌مه‌نیانا ئه‌گێڕا.. چاوێکیان کردبوو به‌ هه‌زارچاو نه‌کا دوژمن و خۆفرۆشانی ئه‌م گه‌له‌ نه‌گبه‌ته‌ شوێن پێکانیان هه‌ڵبگرن و بکه‌ونه‌ بۆسه‌یانه‌وه‌.. ئه‌وانیش هێنده‌یتر قینیان له‌داگیرکارو خۆفرۆش توندتر ئه‌بوو، به‌ڵێنیان تازه‌ ئه‌کرده‌وه‌ که چۆکیان پی دابده‌ن و به‌سه‌ر شۆڕی له‌ کوردستان به‌ده‌ریانبکه‌ن..

به‌داخه‌وه ‌کاتی سه‌رگه‌رمی گه‌ڕاننه‌وه‌ ئه‌بن بۆبنکه‌کانیان ئه‌که‌ونه‌ بۆسه‌ی خۆفرۆشانی ئه‌‌م کورده‌وه‌ که‌ زۆر نامه‌ردانه‌ و بی به‌زه‌یی هه‌ژده‌ پێشمه‌رگه‌یان لێ شه‌هید ئه‌که‌ن و جه‌سته‌ی پیرۆزیان به‌ شێواوی ئه‌هێننه‌وه‌ بۆ شار.. ئه‌و ڕۆژه‌ شاریش شێوابوو.. چاوه‌کانی شار وه‌ک ده‌ریا پڕبوون له‌فرمێسکی وه‌ک مرواری.. گوێچکه‌کانی شارپڕبوون له ‌هه‌واڵی دڵته‌زێن. ده‌سته‌کانی شار پرتر بوون له‌تۆڵه‌، شیعری منیش ئاگری له‌سه‌ر پشتی داگیرکارو خۆفرۆشی کورد ئه‌کرده‌وه‌و داوای تۆڵه‌ی ئه‌کرد.. له‌وڕۆژه ‌شه‌وه‌ نامه‌وێ له‌گه‌ڵ جه‌للاده‌کانیانا بژیم و هه‌ر ئه‌مه‌وێت جیاببمه‌وه‌و چاوه‌ڕوانی تۆڵه‌شم.. چاوه‌ڕوانم خۆفرۆشان له‌کوردستان ده‌ربکرێن نه‌ک خه‌ڵات بکرێن و وه‌ک ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات دابنیشن!!!!.. خۆم و شیعریشم هاوار ئه‌که‌ین هه‌رکه‌سه ته‌نها چرکه‌یه‌ک (خیانه‌ت) ی له‌نیشتمانم کردبیت ڕووی ڕه‌شه‌و به‌ڵێنیش ئه‌ده‌ین به‌که‌سوکاری شه‌هیدان له‌ بکوژانی ئازیزه‌کانیان خۆش نه‌بین.. ..

 

( ( ( ( (ده‌نگی تۆڵه) ) ) ) )

ئاسمان گریا

خۆری سووتاو پرچی ڕنی

پاسارییه‌کان چاویان لێ بوو

جه‌رگی (سه‌یوان) نیان چۆن ئه‌ڕی

خوێن جۆگه‌ی به‌ست

شه‌هید ڕیزبوو

ده‌نگی تۆڵه‌

له‌ڕویانا

ئه‌هات ئه‌چوو..

گیانی هه‌ژده‌ زاوای به‌هار

هه‌ژده‌ چرای نه‌کوژاوه‌

بوون به‌هاوڕێی پاسارییه‌کان

به‌ره‌و ئاسمان

له‌به‌رزیه‌وه‌

له‌به‌رزی به‌رزی به‌رزیه‌وه‌

له ژوور سه‌ری تیشک و هه‌ورو بارانه‌وه‌

ئه‌یانڕوانی

خۆفرۆشان

جه‌سته‌ی سه‌یوان چۆن هه‌ڵده‌دڕن

ڕه‌گی ئه‌رخه‌وان چۆن ئه‌بڕن..

ئه‌یانڕوانی

دوژمنی گه‌ل وه‌ک سه‌گی هار

ماندوو نابێ

له‌تف، له‌جوێن، له‌په‌لامار..

ئه‌یانڕوانی

سه‌یوان بێ باک له‌ زامی خۆی، پێده‌که‌نی

کۆرپه‌ی شه‌وی له‌باوه‌شیا ڕائه‌ژه‌نی

ئه‌یوت ئاسمان نه‌که‌یت بگری

ئه‌ی ڕۆژه‌که‌ی سه‌ر کوردستان پرچت نه‌ڕنی

چاوه‌ڕێکه‌ن بۆ سبه‌ینێ

نه‌وه‌ی ئه‌م ئازارو خه‌مه‌

چۆن برینم ساڕیژ ئه‌که‌ن

چۆن دوژمنم سه‌رشۆڕ ئه‌که‌ن..

ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ بۆ شه‌هیدانی قڕگه‌ ووتراوه پاڵه‌وانه‌کان و شۆڕه‌سوارانی (مفاوه‌زات) ی1984

ووتیان به‌ ئاڵتون له‌سه‌ر گۆڕه‌کانیان ئه‌ینوسین به‌ڵام له‌وه‌ئه‌چێت به‌ ئووچ بۆیان نوسیبن بۆیه‌زاتی ئه‌وه‌یان نییه‌ ته‌نها جارێک یادیان بکه‌نه‌وه‌و ناویان بهێنن.. یاخود قوربانیه‌کانی دوای مفاوه‌زات گه‌وره‌ترن و ڕوو ڕه‌شه‌ خۆفرۆشه‌کان رازی نابن ناویان بهێنن..

نه‌مری بۆشه‌هیدانی کوردستان و چاوشۆڕی و نۆکه‌ری و سه‌رکزیش بۆ کوێره‌مووشه‌کان و لاڵه‌په‌ته‌کان و که‌ڕووکاسه‌کانی ئه‌مڕۆ که‌ مامیلان له‌ده‌میان گیراوه‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌خشته‌ی بردوون و شه‌هیدانیان له‌یاد چۆته‌وه‌..

خاڵه‌حه‌مه‌/دانمارک/ڤالبی/22/6/2005