ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م بۆچی؟ ... سه‌رپه‌شتیارانی ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م

 

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چاوێكی خێرا بخشێنێت به‌ ماڵپه‌ڕه‌كوردیه‌كاندا، جگه‌ له‌ هه‌راوزه‌نایه‌كی دوور له‌كولتور به‌گشتی و ته‌نانه‌ت دووریش له‌كولتوری سیاسی به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌جۆرێك،به‌شێكی زۆریان قسه‌كردنن نه‌ك نوسین، توانج گرتنن نه‌ك ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه‌، ونكردنی مانای ڕاسته‌قینه‌ین له‌ هه‌راو زه‌نایه‌كی سه‌یر وسه‌مه‌ردا.

 به‌نێو نوسینه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و به‌نێو چیرۆك و لێكۆڵینه‌وانه‌ قسه‌كردنێكن به‌بێ بوونی هیچ خاڵبه‌ندیه‌ك، له‌ڕێگه‌وه‌ مرۆڤ بتوانێت گفتوگۆیه‌ك ڕایه‌ڵ بكات له‌گه‌ڵ دنیای كوردی و جیهانی ڕه‌خنه‌ و بیركردنه‌وه‌دا. هه‌موویان جۆرێكن له‌قه‌ره‌باڵغیه‌كی نێو چایخانه‌كانی كات به‌سه‌ر بردن له‌سه‌ر لیستی كولتوری سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب وهونه‌ری باڵا.

له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌ (ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م) وه‌ك گۆڤارێكی كولتوری هه‌وڵده‌دات توانا كولتوریه‌كان له‌ڕێڕه‌وێكی تایبه‌تدا كۆبكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش پێشكه‌ش كردنی هونه‌رێكی باڵایه‌، خوێنه‌ر نێزیكبخاته‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و تێڕامان. هه‌وڵنادات بچێته‌ ئاستێكی ساكار، به‌ڵکو هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌قی باشی ئه‌ده‌بی و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری ڕه‌خنه‌گرانه‌، ئاسته‌كان هه‌ڵكێشێت به‌ره‌و خۆی. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌م گۆڤاره‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌قانه‌ به‌رهه‌مدێنێت، نه‌خێر، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات توانا باڵاكان له‌ فۆرمێكی بڵاوكردنه‌وه‌ی هونه‌ری دیزانی تایبه‌ت به‌ ڕۆشنبیری له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ئینته‌رنێتدا كۆبكاته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆر جار ده‌بینین چه‌نده‌ها ده‌قی جوان له‌شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌یاندا، زۆر له‌ ماهیه‌ته‌ جوانه‌كانیان ونده‌كه‌ن، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا چه‌نده‌ها تێكستی پڕ جنێوی سیاسی و كه‌سی و ته‌شه‌ره‌ له‌گه‌ڵیدا داده‌به‌زێ، ئیدی بوونی ئه‌و ده‌قه‌ جوان وباڵایانه‌دا له‌نێو ئه‌و ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ جنێوه‌دا، وه‌ك بوونی مرۆڤێك وایه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌درێسێكی هه‌ڵه‌دا. بێگومان به‌و جۆره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ ناوازه‌یه‌ خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب ته‌ره‌ ده‌كات و چیدی ناچێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌، به‌وه‌ش ده‌قه‌ جوانه‌كان ده‌بنه‌ قوربانی تێكسته‌ ناشرینه‌كان.

له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ دیزاین و شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌ و هونه‌ری دۆزینه‌وه‌ی فۆتۆی پێویست و ته‌نانه‌ت ئه‌بستراكیش، به‌شێكی گرنگی كاری ته‌كنیكی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت.

 

ده‌توانین ئه‌م هه‌وڵدانه‌كانی (ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م) له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌:

  • ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م گرنگی ده‌دات به‌زمانی كوردی باڵا و داڕشتنی ئه‌زمونگه‌رایی به‌پابه‌ندبوون به‌ پڕنسیبه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ڕێنوسی كوردی.
  •  چیرۆك و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ و قه‌سیده‌ی نوێ به‌شێكن له‌و گوتاره‌ هاوچه‌رخه‌ی كه‌ زمانی نوێگه‌رایی به‌رهه‌مدێنن و گرنگی پێدان و نوسین له‌سه‌ریان، سه‌رنجڕاكێشانی خوێنه‌ران بۆ ئه‌زمونه‌كانیان، كاری سه‌ره‌كی گۆڤاره‌كه‌ ده‌بێت.
  • كه‌باس له‌كولتورێكی باڵا ده‌كه‌ین، ده‌بێت باس له‌كولتورێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ بكه‌ین، ده‌سه‌ڵاتی لۆكالی كوردی و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی دنیا بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. لێره‌وه‌ (ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م) ئاماده‌یه‌ هه‌موو بابه‌تێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی بڵاوبكاته‌وه‌ و ته‌وه‌ره‌ی به‌شداری بۆبكاته‌وه‌، له‌پێناو به‌شداریكردنی زۆربه‌ی نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی و چالاك له‌گفتوگۆیه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا.
  • گرنگیدان به‌ڕۆمان و نۆڤێلا و (په‌خشانه‌ چامه‌) خاڵێكی دیكه‌ی ڕۆشنی ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م ده‌بێت.
  • كردنه‌وه‌ی مه‌له‌ف له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی وفیكری پڕۆژه‌ی داهاتوومان ده‌بێت.
  • هه‌موو گۆڤار وڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی، چ له‌كوردستان یاوه‌كو ده‌روه‌ی كوردستان ده‌توانن به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌دوو مه‌رج:

یه‌كه‌میان: ده‌بێت ئاماژه‌ بكات به‌ سه‌رچاوه‌ی لێ وه‌رگیراو و ئینته‌رنێت ئه‌درێسی ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م به‌ڕاستی و ڕوونی بنوسێت

 دووهه‌میان: ده‌بێت ئێمه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئێمه‌ش له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ ناوی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كه‌ له‌خوار بابه‌ته‌كه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

 

·         هه‌موو به‌رهه‌مێك به‌ گرنگی پێدانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت و وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه‌، ده‌بێت خوێنه‌ری ئازیز ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ ماڵپه‌ڕه‌ ڕۆشنبیریه‌كان له‌سه‌رخۆ كارده‌كه‌ن و بابه‌ته‌كان بۆ ماوه‌ی دوورودرێژ له‌سه‌ر ڕووبه‌ركانیان بڵاوده‌بنه‌وه‌.

هه‌موو پێشنیارو پرسیارێك و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك جێگه‌ی گرنگین و پێشوازیه‌كی گه‌رمی لێده‌كرێت..

خۆشه‌ویستی و ڕێزمان بۆ هه‌موو میوانانی (ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م)

سه‌رپه‌شتیارانی ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م

سه‌رپه‌رشتی ته‌كنیكی: میران ئابراهام

سه‌رپه‌رشتی ڕۆشنبیری: ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

14 June 2005

ئه‌درێسی دووهه‌می ئه‌ڵقه‌ی سێهه‌م:

ئیمێل: hamlaw@hotmail.com