شتێکم پێبڵێ جوانتربێت له‌گومان.  ..  شیعری  حه‌مه‌شوان شه‌ریف

 

Hamashwan1@hotmail.com  

20020804

دانیمارک

  نه‌مدیوه‌ شـــــه‌وێک

 به‌دڵنه‌واییه‌وه‌ بنــووم. ،!

 له‌به‌رتروسکاییه‌کی شکاودا ژه‌نگ لاشه‌مه‌می داپۆشیوه‌،

 سێبه‌رم ڕژاوه‌ته‌ ناو شۆسته‌یه‌کی مل شکاوی زه‌مه‌نه‌وه‌.

 مه‌رگ

 تۆختر ده‌بینم،

 بۆ ژیان کاڵتر ده‌بمه‌وه‌و

 په‌نجه‌کانی گومڕایی به‌لاملی دێڕه‌کانمه‌وه‌

 ڕه‌نگ چۆڕه‌،.

 له‌ژێر باڵی دره‌خته‌کانی پێکه‌نیندا هه‌ناسه‌یه‌کم هه‌ڵده‌کێشاو

 له‌ژێرکلێته‌ی ئاسمانی قسه‌یه‌کی پوچدا هه‌ڵده‌وه‌ریم

 به‌رله‌وه‌ی من ئه‌مه‌ت پێبڵێم

 قسه‌یه‌کم نه‌ماوه‌ بیڵێم به‌تۆ. ،!

 کافر

 له‌ژێر ئه‌و دارئه‌رخه‌وانه‌دا مه‌یه‌ڵه‌ خه‌و به‌سنوره‌وه‌ ببینی

 مه‌یه‌ڵه‌ مه‌راق ته‌وێڵت بگه‌زێ و

 خۆرێکی تیژ جه‌سته‌یی به‌سته‌ڵه‌کت ببڕێته‌وه‌،

 ناوی شتێکم پێ بڵێ!؟

 جـــوانتر بێت له‌ گومان. ،

 

 من هه‌نوکه‌.. .. ..

 له‌ژێر ئه‌وبارانه‌وه‌ ناڕۆم قژی داڵداریم بشێوێنێت،

سێبه‌ری سه‌رخۆشێک هه‌ڵناگرمه‌وه‌

 که‌ گریانی

شه‌پۆل نه‌دات له‌کڵۆڵیدا و

نه‌سوتێ له‌به‌ر سێبه‌ردا،.

 بـــم بوره‌.. .. .. . ،

گۆمێکی وه‌ستاو نیم،

له‌تاڤگه‌یه‌کی شه‌لیش ناچم،

کاڵترنیم له‌شــــــه‌و،

وتــم.. .

 ڕووناکی سێبه‌ری ئه‌ستێره‌یه‌کی خه‌واڵوه‌،

 ڕوخساری شاخێک

له‌کتێبێکی کراوه‌ده‌چێ که‌زه‌رده‌په‌ڕ فریایی ماچی نه‌که‌وتبێ،.

تاریکی برینێکی سارییه‌

کوڕێک له‌کچێکه‌وه‌ وه‌ری ده‌گرێ و

ژنێک له‌مناڵێ. ،

ده‌ره‌ختی ئاره‌زوه‌کانی پیاوه‌تیش باڵای ئه‌وینی کورته‌،کورت.

ئاگری عه‌شقی هه‌موان

 ته‌مه‌نی له‌به‌ر زریانی زوخاودا کوژاوه‌ته‌وه‌،.

به‌فری گومڕایی له‌ئێواره‌یه‌کی ناوه‌ختدا ده‌بارێ و دێت

شار بێده‌نگ ده‌کاو

هه‌موومان بۆن و ڕه‌نگی گومان ده‌گرین.

جا بۆ نایه‌یت:

شتێکم پێبڵێی جوانتربێت

له‌ گومان.. .. !،.

.. .. .. .. ..