ڕاگه‌یندراوی ژماره2 ی كومیته‌ی په‌نابه‌رانی مانگرتوو- وان

كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی په‌نابه‌رانی مانگرتووی كوردی ڕۆژهه‌ڵات له شاری "وان" ی توركیه دا له به‌ر ده‌م نووسینگه‌ی كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران له‌و شاره ڕۆژی دوو شه‌مه (20/06/2005) ش له گه‌ڵ زیاد بوونی ژماره‌یان دا بۆ 12 كه‌س و سه‌ره ڕای گوشاری پولیس درێژه‌ی هه‌بوو و خۆڕاگری و پێداگری ئه‌و كۆمه‌ڵه په‌نابه‌ره وای له UNHCR كرد كه به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆیان مه‌جبوور به دانیشتن له گه‌ڵ نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانی په‌نابه‌رانی مانگرتوودا ببن!

له دانیشتنی نێوان خانمی "تێرێس" به‌رپرسی نووسینگه‌ی UNHCR و نوێنه‌رانی په‌نابه‌ران (ژیلا شهسواری، خه‌بات قریشی) دا خانمی تێرێس وێڕای ده‌ر بڕینی ناڕه‌زایی ده‌روونی خۆی له دانیشتن له گه‌ڵ ئه‌و نوێنه‌رانه دا پێداگری له سه‌ر دانیشتن له‌ گه‌ڵ نوێنه‌ره پێشووه‌كانی په‌نابه‌ران دا كرد و ئه‌و دوو نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌ی به شایانی دانیشتن له گه‌ڵ خۆی نه‌زانی!؟ به‌لام له ئاكامی گوشاری په‌نابه‌ران دا مه‌جبوور بوو درێژه به كۆبوونه‌وه‌كه بدات!

له لایه‌ن نوێنه‌رانه‌وه داواكاری په نابه‌ران له 3 خاڵدا خرایه به‌رده‌م به‌رپرسی نووسینگه‌ی كومیساریا و مانگرتنه‌كه‌ی خۆیان به به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌یه‌كی سروشتی له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت و خۆدزینه‌وه كانی UNHCR له مه‌ڕ چاره سه‌ری گرفته‌كانی ئه‌وان و سه‌رجه‌م 1200 په‌نابه‌رانی ناسراو به شمال عێراقی ڕاگه‌یاند!

به‌رپرسی ئه‌و نووسینگه‌ی كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران وتی ئێوه ناتوانن ئێمه مه‌جبوور به دانه‌وه‌ی وه‌ڵامی خێرا بۆ داواكاری‌یه‌كانتان بكه‌ن و داوای له مانگرتووان كرد ده‌ست له‌و كاره هه‌ڵگرن و زیان به له‌شی خۆیان نه‌گه‌ینن و ئاكامه‌كانی كرده‌وه‌ی مانگرتنی ساڵی پێشووی وه‌بیر هێناندنه‌وه.

نوێنه‌رانی په‌نابه‌ران به ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی كه‌ باش له ئاماده‌كاری‌یه‌كانی ئه‌وان و پولیس بۆ سه‌ركوتی كرده‌وه ناڕه‌زایه‌تی‌یه‌كان ئاگادارن به به‌رپرسی UNHCR سه‌باره‌ت به ئاكامه‌كانی هه‌ر جۆره كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ركوتكه‌رانه و هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرت هوشداریان دا و له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌و كاره‌تان تا كه‌ی درێژه ئه‌ده‌ن، نوێنه‌ران ڕایانگه‌یاند تا كاتێك وه‌ڵامی داواكاری‌یه‌كانیان به شێوه‌ی نووسراو و به مۆری كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بڵاو نه‌كرێته‌وه ئه‌وا هه‌ر له‌سه‌ر مانی خۆیان سوورن!

پاش ته‌واو بوونی دانیشتنه‌كه له‌ به‌ر دووربینی ڕاگه‌یه‌نه توركیه‌كانه‌وه داواكاری‌یه‌كانی په‌نابه‌رانی كوردی رۆژ هه‌ڵات به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یندرا ؛

1-     پێراگه‌یشتنی خێرا به باری ژیانیان

2-     خستنه‌وه گه‌ڕی په‌روه‌نده‌ی په‌نابه‌ری‌یان

3-     جێ به جێ كردنی به‌نده‌كانی كونوانسیۆنی 1951 ژنێڤ سه‌باره‌ت به ئه‌وان

ئاماده كراوی كومیته‌ی په‌نابه‌رانی مانگرتوو- وان

20/06/2005