نامه‌یه‌ک بۆ شه‌هیدئاشتی (ئه‌بوبه‌کر شێخ نوری قه‌ره‌داغی) ... هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی

 

برام ئاشتی

وه‌ک ئێستا له‌ بیرمه‌، ڕۆژی 17 / 6 / 1978 بوو، کاتێک له‌ زیندانی موسڵ له‌ ژووری له‌ سێداره‌دان هاتیته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی پیرۆز و ڕوویه‌کی گه‌شه‌وه‌ دوا پێشوازیت له‌ هه‌موومان کرد.

داوات لێکردین که‌س نه‌گری، که‌س مات نه‌بێت، با دوژمن پێمان خۆش نه‌بێت، با بیان ترسێنین. داوات لێکردین که‌ هه‌موو ده‌ستبگرین و هه‌ڵپه‌ڕین، خۆشت سه‌رچۆپیه‌که‌ت گرت.

ئه‌منه‌ به‌عسیه‌کان زۆر به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌وریان گرتبوین و نه‌یانده‌زانی چیبکه‌ن.

بیرمه‌ سه‌رۆکی زیندانی به‌عسیه‌کان هات و به‌ شێوه‌یه‌کی پاڕانه‌وه‌ وتی إبابه‌کر با ئیتر هه‌ڵپه‌رین و هوتاف کێشان به‌س بێت. تۆش ڕووت تێکرد و فه‌رموت ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ ده‌رگای زیندان بچمه‌ ده‌ره‌وه،‌ به‌ بێ وه‌ستان ڕووده‌که‌مه‌وه‌ شاخ و چه‌که‌که‌م ده‌که‌مه‌وه‌ شان و به‌رده‌وامی به‌ پێشمه‌رگایه‌تیه‌که‌م ده‌ده‌م. کابرای سه‌رۆکی زیندان سه‌رسام و بچوک، ویستی وه‌ڵامبداته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر چه‌ندی کرد له‌ به‌ر لوتکه‌ی بڵندی تۆدا وشه‌یه‌کی تری بۆ نه‌هات و بێده‌نگ گه‌ڕایه‌وه‌ دواوه‌.

ئاخر کاکه‌ کێ له‌ به‌رده‌م لوتکه‌ی بڵندی تۆدا خۆی پێڕاده‌گیرا؟ تۆ ده‌تزانی چه‌ند کاتژمێرێکی دی ماڵئاواییمان لێده‌که‌یت و ئیتر ناتبینینه‌وه‌، به‌ڵام تۆی مه‌زن بۆ چرکه‌یه‌کیش خه‌نده‌ له‌ ڕووی گه‌شت ون نه‌ده‌بوو.

وه‌ک ئێستا بیرمه‌، به‌ دایکمت وت، دایه‌ نه‌که‌یت له‌ پرسه‌مدا بگریت.

دایکم له‌ سێ رۆژی پرسه‌که‌تدا، فرمێسکێک به‌ چاویا نه‌هاته‌ خواره‌وه‌، سه‌ربه‌رز و سه‌رکه‌ش به‌ سه‌رپۆشه‌سپییه‌که‌یه‌وه هه‌روه‌ک له‌ شایی ژنهێنانتا دانیشتبێت،‌ به‌خێرهاتنی هاوخه‌مانمانی ده‌کرد. ئاشتی گیان ئێستا دایکم پیربووه‌، ئه‌م به‌هاره‌ بۆ سلێمانی گه‌ڕامه‌وه‌، له‌ گه‌ڵ یه‌که‌م ناوهێنانی تۆدا، ڕووباری فرمێسک به‌ چاوه‌ کزه‌‌کانیدا هاته خوارێ، وتی بمبه‌ بۆ سه‌ر مه‌زاره‌که‌ی ئاشتی.

براکه‌م ئاشتی، که‌ هاوڕێکانت دووساڵ له‌ مه‌وبه‌ر له‌ موسڵه‌وه ‌ته‌رمه‌ پیرۆزه‌که‌ی تۆ و هاوخه‌مه‌کانتیان له‌ ژێر ئاڵای شه‌کاوه‌ی کوردستاندا، بۆ شاره‌که‌ی شێخی نه‌مر هێنایه‌وه‌، به‌شێکی زۆری شار به‌ پێشوازیتانه‌وه‌ هات، به‌و ته‌مه‌نه‌ که‌مه‌وه، ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ت بۆ خۆت و ئێمه‌و نه‌ته‌وه‌که‌ت تۆمارکرد. ‌

ئاشتی برام، ده‌ سه‌یر که‌، وا ورده‌ ورده‌ به‌رهه‌می ڕه‌نجی تۆو هاوڕێکانت ده‌چنینه‌وه‌. ئاخر تۆ له‌ یه‌که‌م ده‌سته‌ی گه‌نجانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بویت که‌ به‌ده‌م بانگه‌و‌ازی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی‌ بڵێسه‌ی شۆڕشی نوێوه‌ چویت. له‌ نێو یه‌که‌م ده‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی پێشمه‌رگه‌کانی قه‌ره‌داغدا بویته‌ کادێر و خه‌می میلله‌ته‌که‌ت کرده‌ کۆڵت و پشتت کرده‌ ژیانی زانکۆ.

برام ئاشتی یادت به‌خێر، ئارام بنوو، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی که‌ڵه‌پیاوی وه‌ک تۆ و هاوڕێکانت بێت، زوو یا دره‌نگ ده‌توانێت له‌ شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌نفال و کیمیاویبارانه‌وه بگاته‌ ڕۆژی ڕووناک.

 

برات هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی

ستۆکهۆڵم‌/سوید