هونه‌رمه‌ند مامۆستا جه‌لیلی عه‌نده‌لیبی یه‌كێكه له مۆسیقاره هه‌ره به‌تواناكانی میلله‌تی كورد كه ده‌توانین بڵێین خاوه‌نی ڕێبازی تایبه‌تی خۆیه‌تی و ده‌توانرێ به گوێگرتن له به‌رهه‌مه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێ و خاوه‌نی چه‌ند شاكارێكی موزیكه و گۆرانی كوردییه.. چه‌‌ند كاری بۆ گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی فارس كردووه و له وانه هونه‌رمه‌ند (حومێرا) هونه‌رمه‌ند عه‌لی ڕه‌زای ئیفتخاری، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی كورد (شه‌‌هرامی نازری)

ئه‌نجامدانی دیمانه‌: هونه‌رمه‌ند هه‌ڵکه‌وت زاهیر

 هه‌ڵكه‌وت/ چۆن مامۆستا جه‌لیل عه‌نده‌لیبی بناسین؟

عه‌نده‌لیبی/ من له‌ دایك بووی شاره جوانه‌كه‌ی سنه‌م له ساڵی 1954، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانم تا وه‌رگرتنی دبلۆم له شاری سنه له ساڵی 1977 ته‌واو كردووه دوابه‌‌دوا بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵای مۆسیقا ڕووم كرده شاری تاران و خوێندنی باڵام له بواری مۆسیقا ته‌واو كرد.

 

هه‌ڵكه‌وت/ تا ئێستا ده‌توانن بڵێین به‌ڕێزتان خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌من؟

عه‌نده‌لیبی/ من خاوه‌نی 25 سی‌دی‌م چه‌ندین كاری دیكه‌م كردووه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ سی‌دی (ئه‌ز ده‌ستی عشق) ی هونه‌رمه‌‌د عزیزی شارۆخی، به‌ڕێزتان كارتان بۆ كردووه؟

عه‌نده‌لیبی/ به‌ڵێ زۆر به‌خۆشحاڵییه‌وه به‌رهه‌مێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو له ڕ‌استیدا هونه‌رمه‌ند عزیز شارۆخی خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌سۆزه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ له گۆرانی كوردیدا حه‌ز به ده‌نگی كێ ئه‌كه‌یت؟

عه‌نده‌لیبی/ ده‌نگی مامۆستایان تاهیر تۆفیق، عه‌لی مه‌ردان، سه‌ید عه‌لی ئه‌زغه‌ری کوردستانی و ڕه‌زازی و زیاد ئه‌سعه‌د، وه‌ك خانممان (مه‌رزییه‌ فه‌ریقی) به تایبه‌ت له دوای گوێگرتنم له گۆرانی "هه‌موو شه‌وێ" توانای ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌نده له لام ئاشنا بوو كارێكی سه‌ركه‌وتوو بوو.

 

هه‌ڵكه‌وت/ به‌ڕێزتان چ‌ پڕۆژه‌‌یه‌كتان به ده‌سته‌وه‌یه بۆ كوردستان؟

عه‌نده‌لیبی/ له بیری ئه‌وه دام دروستكردنی ئه‌نیستیتوی كوردی له شاری هه‌ولێر بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی مۆسیقا و گۆرانی كوردی له ووڵاته دراوسێكان بۆ زیاتر هه‌نگاونان به‌ره‌و ڕه‌سه‌نایه‌تی.. ئه‌مه كارێكی یه‌كجار گرنگه به‌لامه‌وه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ به‌شداریتان له ڤیستڤاڵی گۆرانی و موزیكی هه‌ولێردا چۆن بوو؟

عه‌نده‌لیبی/ له ڕاستیدا سه‌ردانی من هه‌موو كاتێك بۆ كوردستان زۆر خۆم به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌بینم و نزیك بوونه‌وه له هونه‌رمه‌ندانی ناو كوردستان خۆی له خۆیدا كارێكی زۆر مه‌زنه‌ و ڤیستیڤاڵێكی زۆر سه‌ركه‌ووتوو بوو و به‌‌ به‌شداری كۆمه‌ڵانی كوردستان و به‌ ده‌نگه‌وه هاتنمان سه‌ركه‌وتنێكی دیكه بوو بۆ ئێمه و هیوادارم هه‌رده‌م به هه‌موو لایه‌كمان بتوانین كاری هونه‌ری باش پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌مان بكه‌ین بۆ خزمه‌تی كولتوور و مۆسیقا و گۆرانی كوردی.

 

هه‌ڵكه‌وت/ چی به‌ پێویست ئه‌زانی بۆ مۆسیقای كوردی بكرێت؟

عه‌نده‌لیبی/ پێویسته به هه‌موومان مۆسیقای كوردی بگه‌یه‌نیه ئاستی مۆسیقای جیهانی، ئێمه هیچمان له ووڵاتانی دیكه كه‌متر نییه هونه‌رمه‌ندی ئێمه‌ش ده‌توانێ بگاته هه‌موو ئاستێك.

 

هه‌ڵكه‌وت/ چ كارێكی هونه‌ریتان لا په‌سه‌نده كه گوێبیستی بوون له كوردستان یاخود له ڕێی میدیاكان بینیبێتان؟

عه‌نده‌لیبی/ زۆر كار هه‌ن باشن، گوێبستی زۆر کاری جوان بووم، له‌وانه ئه‌و سرووده‌ی به‌ڕێزتان که ئاوازتان بۆ داناوه کاک هه‌ڵکه‌وت کارێکی زۆر باش بوو ده‌ست خۆشی له هه‌موو به‌شداربووان ده‌که‌م به‌تایبه‌ت کاک هه‌ڵکه‌وت كه ئاوازدانه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه سه‌ركه‌وتووه‌یت، به‌هیوام بتوانیت وه هه‌وڵی بۆ بده‌یت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له تیپێکی ئۆكسترای سێمفۆنی تۆماری بکه‌یته‌وه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ گه‌لێك له گوێگران پێشنیاری ئه‌وه‌یانكرد، به‌ڕێزتان كار له كوردستان‌دا بكه‌ن؟

عه‌نده‌لیبی/ به‌ڵێ بۆ من جێی خۆشحاڵییه ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماومه له خزمه‌تی میلله‌تی خۆمدابێت، هه‌وڵم داوه به‌نیازی دروستكردنی بنكه‌ی هونه‌ریم.. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ چه‌‌ند هونه‌رمه‌ندێك باسمكردوه، هیوادارم بتوانم له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستان قسه‌ی لێبكه‌م و زه‌مینه‌مان بۆ خۆشبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تێ بگه‌یه‌نین به میلله‌ته‌كه‌مان

زۆر خۆشحاڵ بووم به دیداری به‌ڕێزتان کاک مامۆستا جه‌لیل، هیوادارم له خزمه‌تی مۆسیقای کوردی به‌رده‌وام بیت

زۆر سوپاس بۆ تۆ کاک هه‌ڵکه‌وت، زۆر خۆشحاڵ بووم به‌وه‌ی که بۆ خۆت که هونه‌رمه‌ندێکی توانیت من له نزیکه‌وه بدوێنت، هیوادارم چ من چ به‌ڕێزتان گشت هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقی و گۆرانیبێژان بتوانین هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ پێشخستنی ئاستی مۆسیقای گۆرانی کوردی..