دیمانه‌ی هونه‌رمه‌ندی مامۆستا ناسڕی ڕه‌زازی

 35ساڵ لوتكه‌ی.. . گۆرانی كوردی.. . 35 ساڵ ده‌ربه‌ده‌ری.. 35ساڵ خه‌بات.. ئه‌مانه پێناسه‌ی ده‌نگی تۆن. تۆش ئازاری چه‌‌ندان ده‌نگ و، جوانی.. هه‌زاران دیمه‌نی گۆرانی كه ساڵه‌های ساڵ له لوتكه‌وه به‌‌ره‌و قوڵایی ناخی هه‌ركه‌سێك یان هه‌ر دڵێك.. بانگه‌وازت ئه‌دا.


سازدان و ئاماده‌كردنی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌لایه‌ن
هونه‌رمه‌ند (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) ه‌وه ئه‌نجامدراوه‌.


هه‌ڵكه‌وت/ زۆر خۆشحاڵم به‌به‌سازدانی ئه‌م دیمانه‌یه له‌گه‌ڵ‌به‌ڕێزتان دا.

ڕه‌زازی/ زۆر سوپاس بۆ تۆ كاك هه‌ڵكه‌وت.

 

هه‌ڵكه‌وت/ دوابه‌رهه‌مه‌كانی به‌ڕێزتان دوای گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ كوردستان چین؟

ڕه‌زازی/ نزیكه‌ی 26 گۆرانیم هه‌یه ئاماده‌ن بۆ تۆماركردن كه زۆربه‌یان ئاوازی خۆمن، ئێستا له‌و 26 به‌رهه‌م ئه‌كه‌مه
سی‌دی یه‌ك له‌گه‌ڵ چه‌ند ژه‌نیارێكی شاری سلێمانی و شاری هه‌ولێر، به‌هیوام به زووترین كات بێته به‌رهه‌م و پێشكه‌شی گوێگرانی بكه‌م.

 

هه‌ڵكه‌وت/ چۆن ئه‌ڕوانیته گۆرانی كوردی به‌گشتی؟

ڕه‌زازی/ تووشی بۆشاییه‌كی زۆر بووه هه‌روه‌ها پاشاگه‌ردانییه‌ به‌ تایبه‌تی مۆسیقای توركی حه‌شرمان پێده‌كات، ئه‌و كات كۆمه‌ڵێك یاخود چه‌ند كه‌سێك په‌یدابوون گۆرانی فارسی و توركی ده‌خه‌نه سه‌ر مۆسیقای كوردی، به‌ڵام له‌ناو ئه‌م پاشاگه‌ردانییه تروسكه‌ی باشمان هه‌یه، شتێكی دیكه به خه‌ته‌رێكی گه‌وره ده‌زانم ئه‌ویش ژه‌نیاره‌كان ده‌ستیان داوه‌ته گۆرانی ووتن، که زۆریان توانای ووتن گۆرانیان نیه، باشتر وایه خه‌ریكی ئاستی ژ‌ه‌نین بن، بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌‌ندی له كارکاره‌کاندا جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌و ژه‌نیاره‌ی توانای له‌سه‌ر ئاستی ژه‌نین باشه، هه‌وڵی باشتر بۆ سه‌لیقه‌و جوانکاری له بواری ژه‌نین‌دا، پێویست ناکات خۆی به‌گۆرانی ووتنه‌وه خه‌ریک بکات، نموونه‌شم ئه‌وه‌یه مه‌رج نییه هه‌ر ژه‌نیارێك ئاوازدانه‌رێكی باش بێت، به‌ هیوام ئه‌م كێشانه له كۆنگره‌یه‌كی مۆسیقیدا ڕوونبكرێته‌وه هه‌موومان تێیدا سوودمه‌ند بین.

 

هه‌ڵكه‌وت/ داوات چییه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌بوونی كۆمپانیای هونه‌ری؟

ڕه‌زازی/ ئه‌م پرسیاره زۆر جوانه و کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئێمه‌یه، نه‌بوونی كۆمپانیای هونه‌ری كه‌م و كورتییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه ده‌بێت ئێمه خۆمان سی‌دی بڵاو بكه‌ینه‌وه، خۆمان ستۆدیۆیه‌كی ده‌نگ به‌كرێ بگرین تا به‌رهه‌مه‌كانمان تۆمار بكه‌ین، به‌ڵام كۆمپانیایه‌كی هونه‌ری ده‌توانێ زۆر له‌و كێشانه‌ كه‌م بكاته‌وه و ئاسانكاریمان بۆ بكات به هیوام له‌ناوخۆی كوردستان ده‌زگاكانی میری هاوكاربن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش كاری خۆیان به‌باشتر ئه‌نجام بده‌ن، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كۆپی سی‌دی و كۆنترۆڵكردنی ئه‌م نه‌خۆشییه له‌ناو كوردستان، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی كۆمپانیای هونه‌ری، له هه‌مان كاتدا سه‌ركه‌وتنه بۆ كۆمپانیاكان و هونه‌رمه‌نده‌كه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ زۆربوونی ڕاده‌یه‌كی له گۆرانیبێژان چۆن ده‌بینی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ده‌زگاكانی ته‌له‌فزیۆن؟

ڕه‌زازی/ من له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ئه‌یبینم

یه‌كه‌م: له‌به‌ر نه‌بوونی لیژنه‌ی هونه‌ری واته هه‌ر كه‌سێك كارێكی تۆمار كرد بڵاوبكرێته‌وه.

دووه‌م: پێشبڕكێی ته‌له‌فزیۆنه‌كان.

سێهه‌م: چاولێكردن له گۆرانیبێژانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس و بیانی.

چواره‌م: وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی مۆسیقا و گۆرانی كوردی چونكه مۆسیقای كوردی به گشتی لاوازه.

پێنجه‌م: نه‌بوونی بناغه‌ی بنه‌ڕه‌تی له مۆسیقای كوردیدا، چونكه ئه‌گه‌ر وه‌ك میلله‌تی دیكه هه‌وڵبده‌ین

ئه‌وكاته به بناغه‌ی گۆرانیبێژان ده‌توانن ده‌ركه‌ون، پاشاگه‌ردانی نامێنێ.

شه‌شه‌م: ناساندنی ستایل و موزیك و گۆرانی به گۆرانیبێژان، ئه‌مانه به‌گشتی له‌به‌ر ئاسانكاری هه‌ر كه‌سێك ده‌توانی گۆرانی بڵێ، من لام ئاساییه و به‌باشی ده‌زانم به مه‌رجێك بناغه‌ی و ئه‌ساسییه‌تی تیابێت گۆرانیبێژان به تێگه‌یشتن له گۆرانی و مۆسیقا كوردی ده‌توانن بێنه مه‌یدانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و میدیاكان ڕه‌چاوی زانستیانه بكه‌ن.

 

هه‌ڵكه‌وت/ هه‌ست ده‌كه‌یت هه‌موو ستایله‌كان له گۆرانی كوردی به‌كار هاتوو به شێوه‌یه‌كی زانستی و ناساندنی به گۆرانیبێژان؟

ڕه‌زازی/ ئه‌مه كارێكی زۆر گرنگه ئه‌توانم بڵێم هه‌ندێكی زۆری به‌كارهێنراون به‌ڵام نه‌ناساندنی من به‌ گۆرانیبێژان ئه‌مه كاری موزیكزانه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ بۆچی گۆرانی كوردی كۆنسێرتی درێژخایه‌نی له خۆگرتووه، له قه‌واره‌ی یه‌ك گۆرانی ئایا گۆرانیبێژمان نییه یاخود ئاوازدنه‌ر یاخود نووسینی تێكستی گۆرانی؟

ڕه‌زازی/ به‌ڕای من ئه‌مه كاری گۆرانیبێژ نییه به‌ڵكو ئاوازدنه‌ره و ئه‌توانێ هه‌ستێ به‌م كاره له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌نووسی هاوكاری بن و دڵینام ئێـمه ئه‌توانین 100% ئه‌م كاره‌ بكه‌ین.

 

هه‌ڵكه‌وت/ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره بكرێت ئێـمه گوێگرمان هه‌یه و كێ ده‌توانێ یه‌ك كاژمێر له‌سه‌ر شانۆ بۆستێت؟
ڕه‌زازی/ دڵنیام گوێگرانی كورد پێشوازی لێده‌كه‌ن بۆ گۆرانی كاژمێریی هه‌روه‌ها من خۆم ئه‌م توانایه‌م تیایه و به‌بێ گومان مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی ئه‌توانێ ئه‌م كاره بكات.

 

هه‌ڵكه‌وت/ بۆ سروودی ڕیفراندۆم و هه‌وڵدانتان و غه‌مخۆریتان بۆ پڕۆژه‌ی میلله‌تی كورد ڕه‌زازی چی ده‌ڵێت؟

ڕه‌زازی/ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه بێڵم چ وه‌ك خۆم و كاك هه‌ڵكه‌وت زاهیر كه ئاوازدانه‌ری ئه‌م سرووده‌یه هه‌روه‌ها مه‌رزییه‌، كاك تاریقی فه‌قێ عه‌بدوڵڵا، مه‌به‌ستمان ئه‌وه بوو كارێك بكه‌ین بۆ یه‌كبوونی ماڵی كورد چیتر ڕوو له نه‌هامه‌تی نه‌كه‌ین یه‌كگرتووبین به‌ره‌و ڕاپرسی خه‌ڵك بڕۆیین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان خۆشبه‌ختانه سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، سروودی ڕیفراندۆم كه‌وته سه‌رزمانی هه‌موو مناڵێكی كورد له كوردستان و تاراوگه‌.

 

هه‌ڵكه‌وت/ دوای چل ساڵ خزمه‌تكردن چۆن ده‌ڕوانیته كاره‌كانت؟

ڕه‌زازی/ ڕازی نیم، چونكه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری به‌رهه‌مه‌كانی به كاڵ و كرچی تۆماركراون به هیوام له كوردستاندا بوار هه‌بێت كاره‌كانی دیكه به‌شێوه‌یه‌كی باش تۆماربكه‌م، هه‌ندێ له‌و كارانه‌ی به‌باشی تۆمار نه‌كراوه تۆماری بكه‌مه‌وه.

 
هه‌ڵكه‌وت/ چۆن ده‌ڕوانیته دنیای ئه‌مڕۆ و بۆ هونه‌رمه‌ندێك و له پێشوودا چۆن بوو؟

ڕه‌زازی/ له پێشوودا گۆرانی ووتن به‌م شێوه‌یه نه‌بوو دنیای ته‌كنیك وه‌ك ئه‌مڕۆ نه‌بوو، ته‌نها ڕادێو هه‌بوو ده‌بوایه به چه‌ند لیژنه‌ی هونه‌ری تێپه‌ڕبێت تا بڕیار ئه‌درا بڵاوبكرێته‌وه به‌ڵام له‌مڕۆدا ئاسانه چه‌ند كه‌ناڵ هه‌ن به ئاسانی ئه‌‌توانی كار تۆماربكه‌یت و بڵاوی بكه‌یته‌وه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ ڕای ڕه‌زازی به‌رامبه‌ر ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه چییه؟

حه‌سه‌ن زیره‌ك، عه‌لی مه‌ردان، عه‌دنان كه‌ریم، مه‌رزییه‌، له‌یلا فه‌ریقی، ئه‌یوب عه‌لی، حه‌سه‌ن شه‌ریف.

ڕه‌زازی/ حه‌سه‌ن زیره‌ك: ده‌‌نگی ڕه‌سه‌نی كورده، عه‌لی مه‌ردان: زیندوكردنه‌وه‌ی مه‌قامات‌ عه‌دنان كه‌ریم: كوڕێكی باشه، مه‌رزییه فه‌ریقی: باشترین گۆرانیبێژی ئافره‌ته له مێژووی كورددا تا ئێستا.
له‌یلا فه‌ریقی: ده‌نگی خۆشه و توانای باشی هه‌یه. ئه‌یوب عه‌لی: ده‌نگی خۆشه.  حه‌سه‌ن شه‌ریف: ده‌نگی خۆشه باشترین ده‌نگی بادینانه‌.

 

هه‌ڵكه‌وت/ چ هه‌نگاوێك بۆ پێشخستنی گۆرانی و موزیكی كوردی پێویسته؟

ڕه‌زازی/ پێش هه‌موو شت پێویستمان به به‌ستنی كۆنگریه‌كی مۆسیقایه له كوردستان به‌ به‌شداری موزیكژه‌نانی تاراوگه و كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ ستایل و زانسته‌كانی موزیك له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا به‌ تێر و ته‌سه‌لی باسبكرێت، بۆ گه‌یشتنه‌ مه‌به‌ستی یه‌ك بیر و یه‌ك به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ موزیكی كوردی ئه‌مه‌ دروستكردنی كۆمپانیای هونه‌ری بۆ زۆربوونی به‌رهه‌می هونه‌ری باش و بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌ ڕێگای یاسایی، زه‌مینه خۆشكردن بۆ كاروباری هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتی و بتوانرێ پیشه‌ی هونه‌رمه‌ند ببێته هونه‌ره‌كه‌ی تا بتوانێ داهێنانی باس بكات له هونه‌ره‌كه‌یدا، بێگومان هه‌وڵدراوه به‌ڵام به‌س نییه بۆ مافه‌كانی هونه‌رمه‌ند به‌ گشتی.

 

هه‌ڵكه‌وت/ ڕه‌زازی چی ده‌ڵێت بۆ هونه‌رمه‌ندانی نوێ؟

ڕه‌زازی/ به هیوام هه‌ر یه‌ك له هونه‌رمه‌ندان هه‌وڵ بده‌ن خزمه‌تی كولتوور و هونه‌ری میلله‌ته‌كه‌یان بكه‌ن ئه‌مه ڕێگای هه‌موانه ئه‌گه‌‌ر دڵسۆزانه هه‌نگاوی ‌بۆ بنێن وه‌ك پیشه، خۆم داوام له گۆرانیبێژانی نه‌وه‌ی نوێ هه‌یه هه‌وڵبده‌ن ئامێرێكی موزیك فێربن، زانیاری مۆزیك بزانن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌خت نه‌یه‌ته ڕێیان وه‌ك ئێمه‌ له پێشوودا تووشیبووین هه‌وڵبده‌ن مه‌قاماتی موزیك بزانن تا هه‌نگاوی به‌ سه‌لیقه و جوانتر بنێن له خزمه‌تی هونه‌ری میلله‌ته‌كه‌مان.

 

هه‌ڵكه‌وت/ زۆر خۆشحاڵ بووم به‌م دیمانه‌یه له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتاندا کاک ناسڕ.

ڕه‌زازی/ زۆر سوپاس بۆ تۆ کاک هه‌ڵکه‌وت.