يادت به‌خێر یوسف نانه‌كه‌لی. . . . تۆ‌ش حه‌یده‌ر چیت پێ‌بڵێم؟ ... باوه‌ڕ پیرۆز زاده‌

 

رۆژی 5 / 3 حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان تازه دوای زیاتر له‌ (30) ساڵ شه‌هید كردنی یوسف-ی برا له‌ (كوردستان نێت) یادی ده‌كاته‌وه، له‌ناونیشانی نووسینه‌كه‌یدا به‌خوێنه‌ران راده‌گه‌یه‌نێت كه یوسف نووسه‌ر بووه، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌یدا باسی به‌رهه‌مه‌كانی ناكات، یوسف عه‌بدولره‌حمان كه زیاتر به‌ یوسف نانه‌كه‌لی ناسراو بوو گه‌نجێكی چالاك‌و خوێن گه‌رم‌و خوێنده‌واری شاری هه‌ولێر بوو ناوه. . ناوه‌ش ده‌ینووسی گه‌لێك جاریش وه‌ك یاخی‌و سیاسه‌ توانێكی به‌ئاگا قسه‌ی ده‌كرد، له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌عس ونی كردو پاشان دیاره وه‌ك حه‌یده‌ر نووسیوویه‌تی خراوه‌ته ناو ئاوی دیجله، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره (حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان‌و شێرزاد عه‌بدولره‌حمان) هێشتا چاره‌نووسی براكه‌یان نه‌ده‌زانی دوای ئاشبه‌تاڵی 1975 چوونه پاڵ به‌عس‌و تاساڵی 1992 له رۆژنامه‌ی (هاوكاری) و (پاشكۆی عیراق) و (ئاسۆ) . . . هتد چه‌ندان وتارو هه‌واڵی چالاكییه‌كانی به‌عس یان بڵاوده‌كرده‌وه، ئه‌و حه‌یده‌ر-ه كه شین بۆ یوسف –ی تێكۆسه‌ر ده‌كات هه‌فتانه سه‌روتاره‌كانی هه‌فته‌نامه‌ی (كاروانی وه‌رزش) كه به‌ عه‌ره‌بی بوو ده ینووسی ئه‌ویان (عه‌بدولغه‌نی عه‌لی یه‌حیا) بۆ كوردی وه‌ریان ده‌گێرا، دیاره‌ سه‌روتاره‌كان هه‌مووی سه‌باره‌ت به‌ پێرۆزی سه‌دام حوسین‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌عس بوون، له‌و رووه‌وه ده‌توانرێت سه‌یری سه‌روتاره‌كانی (كاروانی وه‌رزش) له ساڵانی 1987-1988 بكرێت. دیاره‌ ئه‌م جۆره‌‌و شێوه نووسینانه كاری من نین به‌ڵام بۆ مێژوو پێویسته خه‌ڵك چه‌واشه نه‌كرێت.

شایانی باسه ئێستا حه‌یده‌ر لێپرسراوی دوالاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌ی (خه‌بات) ی پارتی‌یه‌و (شێرزاد) ی براشی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هه‌مان رۆژنامه‌ بووه‌و له‌م رۆژانه ئیدعای كردووه كه ده‌بێته سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (گوڵان) ی پارتی.