شینه‌شایی خاك ... ئاسۆ بیاره‌یی

زه‌مه‌ن

له‌پێنج ڕه‌كات نوێژه تێپه‌ڕناكات

ژوان

كونجێكی به ‌مینچنراوه

ئه‌ڤین

هه‌ستێكی پاكه‌و ژ‌ه‌هری بیابان

گه‌روی گرتووه

مێرخاس

 باباگوڕگوڕه و

ده‌واره‌كیژیش كه‌ركوك. .

شار ده‌گری و

شاده‌ماری (خاسه) پڕده‌كا له‌فرمێسكی خوێنن

وا خه‌ریكه شار له ‌عه‌روبێ

به‌زۆری شمشێر ماره‌ده‌كرێ. .

شار

پڕ به‌ ئاواتی سلێمانی،

پڕ به‌ ناخی هه‌ولێر،

پڕبه كانه‌ی چاوی به‌رزان،

پڕ به‌ هه‌ناسه‌ی دیاربه‌كر،

پڕ به‌ پانتایی قامیشلی،

پڕ به ‌خه‌وی قازی،

پڕ به ‌ناڵه‌ی مه‌هاباد و كرماشان،

هێنده‌ی به‌رزی ئارارات،

هێنده‌ی هێمنی كانیێكی سازگار،

هێنده‌ی گڕوگاڵی كورپه‌یه‌كی دزراو،

هێنده‌ی قه‌ڵه‌می شاعێرێكی ده‌ربه‌ده‌ر

هێنده‌ی زیزی حه‌مرین ‌و ئامه‌د

تاسه‌باری چاره‌نووسه‌

سه‌رۆك خێڵی خه‌نجه‌ر له‌پشتوێن

سه‌رگه‌رمی سواری ووشتر و ڕمبازی مه‌یدانه

نه‌ورۆز و به‌هاری

كردووه‌ته دیاری ماڵی عۆجه‌ و

ئاڵاش كفنی سپی و

په‌ڕۆی به‌زین. .

خوازبێنیكه‌ران

كۆمه‌ڵێ ڕێگری قوره‌یشین

كۆمه‌ڵی ووشتره‌وانی بێسه‌وادن

كۆمه‌لێ سه‌ربه‌مێزه‌ره‌ی مێشكپوچن

كۆمه‌ڵێ ده‌روێشن

له ‌زكری یاحوسێن و حه‌یئه‌ڵادا بێهۆشن

 قه‌تاری ووشتران

ته‌زبیحێكی بێكۆتاییه

غه‌نیمه‌ی قه‌تار

شارێكی كوێستانیی دیله

گوڵاڵه‌یه‌كی‌ ناو ڕ‌ه‌شماڵانه

هه‌لهۆله! بووكی دواڕۆژ هات. . بوكێ هات!

سه‌رۆك خێڵ

سه‌ری نه‌وییه و بۆشاردنه‌وه‌ی شه‌رمی،

خانه‌قین و سنجاریش ده‌كاته دیاری. .

شینه شاییه. . شینه‌شاییه. .

شینه‌شاییه و هه‌لهۆله هه‌لهۆله

قریوه‌ی هه‌لهۆله و هه‌لهه‌له

سه‌رۆك خێل مه‌ستده‌كات و

بێ كیژه‌ده‌وار ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌وار

 (خه‌زال) یش چاوه‌ڕێی

هه‌ڵمه‌تی (لاس) ه. .

تا له (‌واحه‌) ی ناو لمدا

بۆ ژوانه‌ئامێزی مانگه‌شه‌و ئه‌ستێره

بیباته‌وه. .

. . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . . .

خاسه:ڕوبارێكی ناوشاری كه‌ركوكه.

عۆجه:شوێنی له‌دایكبوونی سه‌دامی دیكتاتۆره.

لاس و خه‌زال :لاس و خه‌زالی ئه‌حمه‌دی خانی.

واحه: واحه‌ی ناو بیابان.

 

28-2-2004