13-05-2011 04:37

په‌یامی خاڵه‌حه‌مه بۆكورد

 

 

به‌ر له خوێندنه‌وه ئه‌م په‌یامه، داوا له هه‌موو كورد ئه‌كه‌م كه به‌ردی

نه‌فره‌تم تێ نه‌گرێت و ئه‌وه بزانێ كه من ده‌نگی قاره‌مانانی كورد و

حیزبه خێرنه‌دیوه‌كانیانم كۆكردۆته‌وه و ده‌مه‌وێ

له‌وه زیاتر قوربانی نه‌ده‌ین. . . .

 بۆ عێراقی و عێراقچی بین ؟

 ئه‌م په‌یامه ڕووبه‌ڕووی هه‌موو كوردێكی خاوه‌ن ویژدان و به‌ئه‌مه‌ك ئه‌كه‌مه‌وه له هه‌ر جێگایه‌كی گۆی ئه‌م زه‌مینه‌دان تا حوكمڕانی ئه‌م باوكسالارانه‌ی كورد له‌وه زیاتر یاری به چار‌ه‌نووسمان نه‌كه‌ن و سوكایه‌تی به شانماندا نه‌هێنن و به ڕێگای هه‌‌ڵه و چه‌وتا بمانكه‌نه قۆچی قوربانی بۆ مه‌رام و بیری ته‌سكی حیزبایه‌تی یاخود به‌رژه‌وه‌ندی تاكه كه‌سی، كه تۆز و خۆڵی مێژوویان له سه‌ر كه‌ڵه‌كه بووه ‌و ژه‌نگیان هه‌ڵهێناوه. هه‌روه‌ها ئێمه‌ی كورد پڕاوپڕی ئه‌م دنیایه هاوار ئه‌كه‌ین و هه‌میشه‌ ڕازی نه‌بووین و ڕازی نابین كه سه‌دامێكی تر له به‌رگێكی تردا ڕوو بكاته‌وه كوردستان و به ئاره‌زووی خۆیی و گه‌نگه‌ پیاوانی گاڵه به مناڵانی كورد بكه‌ن و خۆفرۆشانیش پاسی به‌رده‌رگا و سه‌ربانیان بۆ بكه‌ن.

به‌ توندی و مه‌ردانه ڕێ له هه‌موو كارێ ده‌گرین دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئازادی تاكه‌ كه‌سی كوردبێت. دژی ئه‌وانه‌ش ئه‌وه‌ستین له پێناوی كورسی و مووچه‌یه‌كی چه‌ورا سه‌ری كورد ئه‌ن به چاڵی نه‌فره‌تا و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییمان لێ دوور ئه‌خه‌نه‌وه. به‌ توندی ڕێگه‌ له كوردفرۆشان ئه‌گرین و ئاڵای سه‌رشوڕییان له هه‌موو

قوژبنێكی ئه‌م دنیایه‌دا بۆ هه‌ڵده‌كه‌ین، تا نه‌وه له دوای نه‌وه نه‌فره‌ت له‌و به‌ره بابه بكه‌ن كه ته‌نها ساتێ كورد ئه‌فرۆشێ.

 ئێمه‌ی كورد به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و بڕیارانه‌ی (مه‌جلیسی حوكم) په‌سه‌ند ناكه‌ین كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بدات و گه‌شه به به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بكات. ناڕه‌زایی خۆشمان به‌ره‌و ڕووی سه‌رۆكی هه‌ردوو حیزبه چه‌كداره‌كه‌ی كورد ئه‌كه‌ینه‌وه كه نه‌یانتوانی له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئه‌مڕۆ سوود وه‌ربگرن و تا ئێستا په‌یمانێكی مۆركراویان به ده‌سته‌وه نییه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كێشه‌كاندا و كڵاوێكی گرێ چنی ووردیان كردوونه سه‌ر كه لێی نووسراوه (فیدراڵی) ، و هه‌موو باسه‌كانیان هه‌ر عێڕاقه‌و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالی گه‌رمیان و كوێستان و (30) ساڵ گه‌مارۆی ئابووری سه‌ر كوردستانیان له یاد كردووه. به‌ڵام با هه‌موو دنیا گوێئ له ده‌نگی ئه‌مڕۆئ كورد بێت كه ئه‌یه‌وێت له ژێرده‌سته‌یی و ملكه‌چی ڕزگاری بێ و ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌ڵبكات. كه نایه‌وێت جارێكی تر به هیچ شێوه‌یه‌ك داگیركه‌ر سه‌ر به هه‌ر ئایدۆلۆجیا و ڕه‌گه‌زێ بێت ڕوو بكاته‌وه ئه‌م باشووره‌ ماندووه‌ی كوردستان و تووشی هه‌مان ده‌ردی سه‌ری ڕۆژانی ڕه‌ش ببینه‌وه كه له ژێر په‌رده‌ ڕه‌شه‌كانه‌وه مامه‌ڵه‌یان له سه‌ر ئه‌كردین و وه‌ك ئاژه‌ڵ كه‌ل و په‌ل ئه‌یان فرۆشتین.

خه‌باتی كورد و مێژووش سه‌لماندویه‌تی كه كورد ده‌ست له سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵناگرێت و ئه‌مڕۆش نه‌بێ سبه‌ینێ سه‌ری سه‌ختی دوژمنه‌كه‌ی‌ ئه‌نه‌وێنێ و به هوهاكێشان و چه‌پڵه‌لێدان له كوردستان ده‌ریان ئه‌كه‌ن. با ئه‌و گێله‌پیاوانه‌ی چاویان بڕیوه‌ته‌ نیشتمانی كورد بزانن كورد هه‌ر كورده‌كه‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه ڕقی ئه‌ستورتر بۆته‌وه‌و خاوتر نه‌بۆته‌وه به تایبه‌تی ئه‌مجاره كه له ژێر چه‌تری دیموكراتی و ‌عێڕاقێكی فیدڕاڵدا ناسیاسیه‌كانی كوردیان له خشته‌بردووه و فێری عێڕاقچیه‌تیان كردوون، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه كورد پێویستی به عێڕاق و داموده‌زگای نه‌ماوه بگره عێڕاقیه‌كان پێویستیان به ئێمه‌یه بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به سه‌ر كوردستان و عێڕاقیشدا. له باسه‌كه‌شم ده‌رناچم ئه‌گه‌ر بڵێم جیاوازی عێڕاقچییه‌كانی كۆن و تازه‌ چییه‌؟

ئه‌ی كوردی خاوه‌ن ئه‌زمۆن و به‌ هه‌ڵوێست له هه‌ركوێ هه‌یت ئه‌مڕۆ باشووری كوردستان و خه‌ڵكه قاره‌مانه‌كه‌ی

پێویستی به ده‌نگی ئێوه‌یه، به ده‌نگی خۆتان و ده‌نگی زوڵاڵی ئه‌وان ته‌واوی ئه‌م دنیایه قاو بده‌ن و داوای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بكه‌‌ن كه كلیلی ڕزگاری سه‌رتاسه‌ری كوردستانی له دواوه‌یه، تا ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو گه‌لانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه له باره‌گا چاوكزه‌كه‌ی (یوئێن) دا ڕه‌نگ و ده‌نگ و سه‌نگمان هه‌بێ.

ئه‌ی خه‌ڵكی زۆرلێكراوو خۆڕاگری شار و لادێی باشوری كوردستان، ئه‌ی ئه‌كته‌رانی ڕاپه‌ڕین و قاره‌مانانی ڕۆژی ڕه‌ش، ده‌با هه‌موان ئاوات و ئامانجی پێشمه‌رگه به‌وه‌فاو دڵسۆزه‌كه‌ی جاران بپارێزین و خۆێنی شه‌هیدان و شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین وون نه‌كه‌یده‌با به هه‌موومان سنووری كوردستان و ده‌زگای پیرۆزی په‌ڕله‌مان له‌ده‌ستی عێڕاق و عێڕاقچییه‌كان بپارێزێن و نه‌یه‌ڵین ڕیسه‌كه‌مان لێ بكه‌نه‌وه به‌خووری و سه‌ر له‌نوێ به خۆشمانی با بده‌نه‌وه. ده‌با هه‌موو هێزوتوانایه‌كمان بكه‌ین به‌یه‌ك له پێناو خزمه‌تكردنی كوردستاندا و كوردایه‌تی مه‌رامی سه‌ره‌كیمان بێت. ده‌با چاوێك بكه‌ین به هه‌زاران چاو و چاویش له هیچ كارێكی ناڕه‌وا نه‌پۆشین كه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بدات و نه‌ته‌وه‌په‌رستانی عه‌ر‌ب و تورك و فارسمان لێ ڕاست بكاته‌وه. ڕوون و ئاشكراشه‌ گه‌ر ئه‌م هه‌له‌مان له ده‌ست بچێت ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی له نیشتمانمان دوور ئه‌كه‌وێته‌وه و‌ كوردیش ئه‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسییه‌كی گه‌ره‌تره‌وه كه ناتوانین چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه و سه‌دان ساڵی تریش دوژمنان و هه‌لپه‌رستانی كوردیش له سه‌ر لاكی نه‌خۆشی نه‌وه‌كانمان ئه‌ژین و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌بێته‌ خه‌ونی ئه‌و هه‌ژاره‌ی به برسیه‌تی سه‌ر ئه‌خاته سه‌ر سه‌رین.

دوا جار ئه‌ی ئه‌وانه‌ی به دوای چاوی گه‌شی ئازادیا شه‌وگاری ڕه‌ش و ترسناك شه‌قار ئه‌كه‌ن و بێ ترس له مه‌رگ هه‌نگاوی ئاگرین ئه‌نێن به سه‌ر پشتی داگیركه‌ر و هه‌لپه‌رستا ووریا بن، ووریابن دوژمنانمان سێ قۆڵی له پیلان داناندان بۆ له باربردنی ئه‌مڕۆژه چونكه‌ ڕه‌وڕه‌و‌ی مێژوو نه‌وه‌د (90) ساڵێ بۆ دواوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ی كورد دایه.

هه‌له و ڕه‌خساوه مه‌هێڵن هیچ هێزێكی ئه‌م دنیایه ببێته كۆسپ و ڕێگای ئازادیمان لێ بگرێت. به به‌ڵێنی گه‌وره و قه‌به‌ی بێ به‌ڵێنان فریو مه‌خۆن. ئێمه هیچمان له نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس كه‌متر نییه. بگره له‌وانیش به‌تواناترین، چونكه به‌رگه‌ی چه‌وساندنه‌وه و سته‌می خۆیانمان گرتووه. به‌رگه‌ی سه‌دان ساڵ شۆڕش و ده‌ردی هه‌ژاری و براكوژیمان گرتووه. مه‌ترسن ئێوه سه‌ركرده نیین، له سه‌ركرده گه‌وره‌تر و به‌تواناترن، داگیركارانتان تۆقاندووه. به به‌ره‌ی یه‌كگرتووی ئێوه، هه‌موو پیلانه‌كانی دوژمن پووچه‌ڵ ئه‌بێته‌وه و مه‌دالیای سه‌ركه‌وتن له یه‌خه‌ی دایكان و باوكان و مناڵانی شه‌هیدان ئه‌ده‌ن.

له كۆتایشدا ڕوو له سه‌ركرده‌ی پارته سیاسییه‌كانی كورد ده‌كه‌م و ئه‌ڵێم، كه‌ی ئه‌بنه خاوه‌نی ئه‌و توانایه‌ی، له زوڵاڵی ده‌نگیان دوژمنانمان چۆكیان بله‌رزێ و مێزی گفتوگۆ به‌جێ بهێڵن. كه‌ی ئه‌بنه ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به ئارامی له ژێر باڵیاندا بحه‌سێته‌وه و ترسی براكوژی و ئه‌نفال و برسییه‌تی و زه‌بر و زه‌نگی دوژمنانیان نه‌بێت و ئه‌و سنووره شه‌رمه‌زاره‌ش هه‌ڵبگرن له نێوانی خۆیاندا، كه دڵی ئێمه‌ی كردووه به دوكوته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره نه‌كه‌ن، ئه‌كه‌ونه ژێر پرسیار و وه‌ڵامی كورده‌وه. ئه‌بێت داوای لێ‌بوردن له كه‌س و كاری ملوێنێك شه‌هید بكه‌ن، ئه‌گه‌ر لێیان خۆش بن.

هه‌ره‌وها كورد بۆی ڕوون بووه‌ته‌وه، كه ئه‌م سه‌رۆكه شه‌رمننانه‌ی ناتوانن ڕووبه‌ڕووی دوژمنه‌كانمان ببنه‌وه و داخوازی گه‌ڵ به‌رجه‌سته بكه‌ن. به ڕێز گرتنێكی كاتی بیریان ده‌چێته‌وه كه سه‌ڕكرده‌ و به‌رپرسیاری دواڕۆژی كوردن. هه‌ر خه‌ریكی ته‌سبێحات و كۆكردنه‌وه و قسه‌ی زلی دوای ڕووداو و دابه‌شكردنی زه‌وی و زارن، كه هیچكامیان دادی ئێمه‌ی كورد نادادت و ده‌ردمان چاره‌سه‌ر ناكات. سیاسه‌تی ڕۆژگاریش ئه‌وه ده‌گه‌‌ێنێ، كه كاتی ئه‌وهیان هاتووه كه جێگا چۆڵ بكه‌ن بۆنه‌وه‌كانی كورد، تا چاره‌سه‌رێك بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر نه‌وه‌كانی كوردیش فریای خۆیان نه‌كه‌ون، ئه‌بێت بڵێن ره‌حمه‌ت له كفن‌دز.

ئاشكراشه كه ئه‌مڕۆ به سه‌دان و هه‌زاران به‌هره‌مه‌ند و زانا و لێهاتووی كورد، كوردستانیان بۆ ئه‌به‌ن به‌ڕێوه و چاو له هیچ ناپۆشن و سه‌لماندویانه بۆ ته‌وای دنیا كه نه‌وه‌ی كوردیش ئه‌توانن، نه‌ك ده‌وڵه‌تێكی كوردی، به‌ڵكوو ده‌شتوانن ده‌وڵه‌تی عێراقیش به‌ڕێوه‌ به‌رن. . . . . .

ئه‌ی كه‌واته بۆ چی ئه‌بێ عێراقی و عێراقچی بین؟

‌ئه‌گه‌ر وه‌رامیشتان له خۆم ئه‌وێت، من كوردستانچیم و خزمه‌تكار و عاشق به نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆمم.

خاڵه‌حه‌مه

دانماك