بؤ ئةو نووسةرانةي دزيي لة خؤشيان دةكةن ... س. ض. هصرش

ڕۆژی 12ی ئۆكتۆبر، به‌ر له‌ سه‌عات دوازده‌ی شه‌و، دۆستێكی خۆشه‌ویست به‌ ته‌له‌فۆن ئه‌م پرسیاره‌ی لێ كردم: ئه‌رێ هه‌ڵوێستی تۆ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نووسراوه‌یان له‌ گۆڤاری «گزینگ»دا چاپ بووه‌ و به‌ڵام، به‌ بێ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه‌، سه‌رله‌نوێ له‌ شوێنێكی دیكه‌ بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌ چییه‌؟! منیش، له‌ وه‌ڵامدا گوتم ئه‌وه‌ش هه‌ر جۆرێك دزێتی ئه‌ده‌بی یه‌، كه‌ له‌ خۆیانی ده‌كه‌ن.

ئه‌و دۆسته‌م، وه‌ك زۆر جاری دیكه‌، ئه‌وجاریش ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ له‌ سایتی «كوردستان نێت»دا بابه‌بێكی چاو پێكه‌وتووه‌ كه‌ پێشتر له‌ «گزینگ»دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. دوای ئه‌و قسه‌ و باسه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆم ئه‌رخه‌یان بم، سایتی«كوردستان نێت»م كرده‌وه‌ و، دیتم به‌ڵێ، بابه‌تی: (ساتیر و هونه‌ری ڕاوه‌ژن و چه‌ند په‌یڤێك: فه‌خره‌دین تاهیر)، عه‌ینی ئه‌و نووسراوه‌یه‌ كه‌ له‌ «گزینگ»ی ژماره‌28، هاوینی 2000 دا، وێڕای هێندێك ورده‌ ده‌ستكاریی زیره‌كانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
به‌ر له‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ درێژه‌ به‌ باسه‌كه‌ بده‌م، پێویسته‌ بڵێم كه‌ من مافی ئه‌وه‌م نییه‌ هیچ خه‌تایه‌ك بخه‌مه‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی «كوردستان نێت» كه‌ بۆچی ئه‌و بابه‌ته‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌؟ خه‌تاكه‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بووه‌. دیاره‌، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی بابه‌تێك به‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه‌، نه‌ خه‌تایه‌ و نه‌ تاوان و، بگره‌ كارێكی باشیشه‌؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك یان نووسه‌رێك بێهه‌وێ قسه‌ و نووسراوه‌ی خۆی،  به‌ بێ ئاماژه‌كردن به‌ سه‌رچاوه‌ و ده‌ستاوێژ كاوێژبكاته‌وه‌، نه‌ ته‌نیا سه‌ره‌تاییترین ڕه‌وشت و عورفی نووسین و بنه‌مای ڕۆژنامه‌وانیی له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه‌، به‌ڵكه‌ حورمه‌تی خۆی و قه‌ڵه‌م و ته‌نانه‌ت خوێنه‌ره‌وه‌شی پێشێل كردووه‌.

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، تا ئێستا زۆرجار،  نووسراوه‌ و بابه‌ته‌كانی گۆڤاری «گزینگ»، له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و كتێب و ماڵپه‌ڕه‌كاندا، به‌ بێ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه‌ چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و، ته‌نانه‌ت جاری واش بووه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ویستوویانه‌ بابه‌ته‌كانیان به‌ شكڵی كتێب له‌ چاپ بدرێنه‌وه‌، ده‌قی مۆنتاژكراویشم چ به‌ دیسكێت و چ به‌ ڕاكێشراوی بۆ ئاماده‌كردوون و به‌ خۆڕایی بۆم ناردوون و هه‌قده‌ستی پۆستیشم داوه‌، كه‌چی دوای چاپكردنی كتێبه‌كه‌، نه‌ نێوێك له‌ «گزینگ» هاتووه‌  و نه‌ ئاماژه‌یه‌كیش به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی كراوه‌.

جارێك، چه‌ند مانگ له‌وه‌پێش، كه‌ هێنده‌م ئه‌و كاره‌ ناپه‌سندانه‌ دیتبوو، له‌ دیتن و خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تێكی ئاوا له‌ ماڵپه‌ڕێكی ئاشنادا، خۆم پێ ڕانه‌گیرا و یه‌كڕاست به‌ ئیمه‌یل ئاشنای گۆرینم ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ فڵانی ئه‌گه‌ر له‌ ژێر فیساره‌ نووسراوه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ت( كه‌ نووسراوه‌ی خۆیشی بوو)، ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ بكه‌ی، خۆی ڕێزلێنانێكیشه‌ له‌ خۆت. ئینسان هه‌ق بڵێ، بۆ ڕۆژی دوایی خاوه‌نی ماڵپه‌ڕه‌كه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كردبوو.

له‌ به‌رانبه‌ر ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌و كاره‌ ناشیرینه‌یان ده‌رهه‌ق به‌ «گزینگ» كردووه‌ و ژماره‌شیان له‌ هه‌ژمار به‌ده‌ره‌، ته‌نیا دوو كه‌سم پێ شك هاتووه‌ كه‌ له‌مه‌ڕ چاپكردنه‌وه‌ی نووسراوه‌كانیان و ڕاگوێزرانیان بۆ شوێنی دیكه‌، ئاماژه‌یان به‌ سه‌رچاوه‌ كردووه‌: یه‌كه‌میان، مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم و دووهه‌میان، كاك موسلیح شێخولئیسلامی«ڕێبوار» بوون.
كاك «فه‌خره‌دین تاهیر» كه‌ ئه‌نجامده‌ری ئه‌و كاره‌ ناشیرینه‌یه‌، ئه‌گه‌ر خۆی له‌ بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رییدا چالاك نه‌بوایه‌، هه‌رگیز ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌شم وه‌ك ڕه‌خنه‌ و گله‌یی ئاراسته‌ نه‌ده‌كرد. ئاخر به‌ پێی كام مه‌نتیق، لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی بواری ڕۆژنامه‌وانیی، بۆی هه‌یه‌ نووسراوه‌ی چوار ساڵ له‌وه‌پێشی خۆی (هاوینی 2000) كه‌ له‌ گۆڤارێكی دیكه‌دا چاپ بووه‌،  به‌بێ پرینگانه‌وه‌ له‌ خوێنه‌ره‌وه‌، ڕێكه‌وت و مێژی ئێستاكێ له‌ ژێر نووسراوه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆی دابنێ و سه‌رله‌نوێ بڵاوی بكاته‌وه‌. ئه‌ویش بابه‌تێك كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕانانی كتێبێك بووه‌ و بڕاوه‌ته‌وه‌؟!
كاك فه‌خره‌دین تاهیر، له‌و نووسراوه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ له‌ «كوردستان نێت» دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا سێ سووكه‌ زه‌حمه‌تی كێشاوه‌: یه‌كه‌م، له‌ بری «له‌م ڕۆژانه‌دا...» نووسیویه‌تی: «له‌ نێوه‌ڕاستی ساڵی(2000)دابوو ئه‌و كاته‌...»؛ دووهه‌م، له‌ یه‌كدوو شوێندا پێشنێوی «دكتۆر»ی له‌ «فازڵ جاف» ئه‌ستاندووه‌ته‌وه‌ و، سێهه‌میش، له‌ ژێر نووسراوه‌ تازه‌كه‌یدا ڕێكه‌وتی 11-10-2004ی داناوه و «تایه‌ر»یشی كردووه‌ به‌ تاهیر!! دیاره‌ دوو ورده‌ شتیشی له‌بیر كردووه‌: یه‌كه‌م، شوێنی په‌راوێزی ژماره‌3ی له‌ ده‌قه‌كه‌دا دیاری نه‌كردووه‌ و، دووهه‌م، ژماره‌ی(5)ی له‌ ڕسته‌ی ئاخری ده‌قه‌كه‌ وه‌ك په‌راوێز ده‌ستنیشان كردووه‌، به‌ڵام ژێرنووسی په‌راوێزه‌كه‌ی نه‌نووسیوه‌.

س. چ هێرش، 13-10-2004

 

 

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org

Hit Counter