خۆشم ئه‌وێ‌ی. . هه‌ر له‌دڵمای  ...  دڵشاد ئیبراهیم
 

13-05-2011 04:46


بۆ یاده‌وه‌ری ئه‌مشه‌وم
ئاخۆ ئه‌بێ چی بنووسم. . ؟!
كه ته‌نها ساتێك شك نه‌به‌م
په‌نجه‌ی یادونیگاكانت
پرچی خه‌یاڵ‌و ئه‌ندێشه‌م
شانه نه‌كا. . !
یان ته‌نها ڕۆژێك شك نه‌به‌م
هه‌ر له نه‌سیمی به‌یانی
تا ژوانی كۆچی خورشید
مه‌لی جێماوی ئه‌وینت
ڕوو له دڵی غه‌ریب‌وبێ
لانه‌م نه‌كا. . !
به‌ته‌نها ئه‌وه شك ئه‌به‌م
كه‌بنووسم. . خۆشم ئه‌وێ‌ی
ئه‌ی تاڤگه‌كه‌ی
ده‌ردی عیشق‌و ئه‌وینی نوێم
هه‌ر له‌دڵمای
وه‌كو سه‌مفۆنیای غوربه‌ت‌و
تابلۆی خه‌مێكی پڕ به‌سوێم
لێم ون نابێ
هه‌ناسه‌و نه‌غمه‌و ئاوازی
پڕ له هه‌ستی سۆزو ڕازت
بۆ هه‌تایه دێته به‌ر گوێم