ئاخۆ ئێستا؟! دڵشاد ئیبراهیم

 

13-05-2011 04:35

ئاخۆ ئێستا

تاڤگه‌ی نیگای چاوه‌كانت

ئه‌ڕژێته كام ده‌ریای ئه‌وین؟!

ئاخۆ ئێستا

نه‌غمه‌ی ده‌نگه زوڵاڵه‌كه‌ت

بۆ كێ بووه

به ئاوازی

خه‌مڕه‌وێن‌و خۆراكی ژین؟!

ئاخۆ ئێستا

زوڵف‌و په‌رچه‌مه خاوه‌كه‌ت

بۆ كێ بووه

به په‌رژینی كامه‌رانی‌و

سه‌رباسی هۆنراوه‌و هه‌ڵبه‌ست؟!

ئاخۆ ئێستا

شاخه‌نده‌ی لێوه‌ئاڵه‌كه‌ت

بێجگه له منی بێچاره

كێ‌ی تری كردوه سه‌رمه‌ست؟!

ئاخۆو ئاخۆ. . چه‌ندان ئاخۆ

له كێڵگه‌ی ده‌روونی منا

تۆوی گومانێك ئه‌چێنێ

باخه‌وانی هیواكانیشم جار جاره

هه‌واڵی پوكانه‌وه‌ی گوڵ

بۆ باخچه‌ی دڵم ئه‌هێنێ

سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاخۆیانه‌ش

ڕه‌نگه تا ئێستاش یادگاری

چوارینه‌ی هۆنراوه‌كانم

له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی

ناسكی په‌ڕاوی دڵتا

وێنه‌ی منی غه‌ریب‌و دوور

بنه‌خشێنێ

هه‌ر ئه‌م ڕه‌نگه‌یه‌شه بۆته

عیسای خه‌ون‌و هیواكانم

بۆیه دڵی مات‌و مردووم

له گۆڕی سه‌ختی غوربه‌تدا

به‌هۆش‌دێنێ. . !